رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پڕۆسەی دیاریکردنی باڵیۆزە نوێیەکانی عێراق "100% سیاسی بووە" و لیژنەکەیان لە میکانیزمی دەستنیشانکردن و چاوپێکەوتنەکان ئاگادار نەکراوەتەوە، دەشڵێت، "زۆر کەسی ناشایستە" لەنێو لیستەکەدا هەن و دەنگیان پێنادەن.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 24-08-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان لە پڕۆسەی دەستنیشانکردن و چاوپێکەوتنی ئەو کەسانەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بۆ پۆستی باڵیۆز بەربژێر کراون، بەشداریی نەکردووە و لە وردەکارییەکانیشی ئاگادار نییە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێیوایە، "کەسانێکی زۆر لەو لیستەدا هەن کە بەهیچ شێوەیەک شایستەی ئەوە نین ببنە باڵیۆز و نوێنەرایەتیی عێراق بکەن،" بۆیە ئەندامانی لیژنەکەیان و پەرلەمانتاران دەنگیان پێ نادەن.
بە گوتەی موسەننا ئەمین پێشتر رێککەوتن کرابوو، 50%ـی باڵیۆزەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە دیاریبکرێن و 50%ـەکەی دیکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە و لەسەر بنەمای لێهاتوویی و شارەزایی بن، "بەڵام ئێستا لایەنە سیاسییەکان دەستوەردانیان لە پشکی وەزارەتی دەرەوەش کردووە و پڕۆسەکە بە نزیکەیی 100% بووەتە سیاسی."
موسەننا ئەمین گوتی، لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا تەنیا یەک باڵیۆزی نوێ بۆ عێراق دیاریکراوە. هەروەها گوتی: "ئێستا پێویستییەکی زۆر بە باڵیۆزی نوێ هەیە، زۆر باڵیۆزخانە بێ باڵیۆزن، چونکە هەندێک لە باڵیۆزەکان خانەنشین بوون یان کۆچی دواییانکردووە، بەشێک لە باڵیۆزخانەکان بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن."
رۆژی 22ی تەممووزی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیستی باڵیۆزە نوێیەکانی پەسند کرد و بۆ دەنگدان لەسەری رەوانەی پەرلەمانی کرد. ئەو لیستەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە میدیاکان بڵاوبووەتەوە، رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بووەتەوە، باس لەوە دەکرێت هەندێک لە سیاسییەکان ناوی کەسانی نزیکی خۆیان، وەکو کوڕ، برا و خزمەکانیان، بۆ پۆستی باڵیۆز پێشنیاز کردووە.
بەگوێرەی بڕگەی پێنجەم لە مادەی 61ـی دەستووری عێراق، پەسندکردنی باڵیۆزەکان لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ