رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، راکان جبووری لە بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە.
جوومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دوورخسنەوەی راکان سەعید عەلی جبووری لە لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسندکرد. بڕیارەکەش بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن دراوە.
رۆژی دووشەممە، 21ـى نیسانی 2025، راکان جبوورى بە فەرمانى دادگەی رەسافە راگیرا و دواتر بە کەفالەت ئازادکرا، ئەمەش دوای ئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵی چەند سکاڵایەکی لەسەر تۆمار کرابوو. لەوانە بەکارهێنانی بودجەی ئاوەدانکردنەوە بۆ میوانداری، گەڕاندنەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر، کە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. دانانى کەسێک بە "نایاسایی" لە پۆستى راوێژکارى پارێزگار، سەرپێچى لە وەرگرتنى هاوکارییەک و دابەشکردنى لە ساڵى 2021.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، 8 سکاڵا لەسەر راکان جبووری تۆمار کراون، بەڵام لەسەر داوای سکاڵاکارەکان 5 دۆسیەی گوێزراوەتەوە بۆ دادگەی بەغدا، "لەنێو دۆسیەکاندا دوو کەیسی گەندەڵی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکاندا هەن، لە هەریەکەیان بە بڕی 500 ملیۆن دینار پارە دیار نەماوە، دۆسیەیەکی دیکەش سەبارەت بەوەیە 21 موڵک بەناوی خێزانەکەیەتی تەنیا لە یەک گەڕەکی کەرکووک، کە گومان لە گەندەڵی تێیدا هەیە."

پێشتر سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگەی رەسافە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "راکان جبووری 5 دۆسیەی لەسەرە، پێشتر لە دادگەی کەرکووکەوە گواستراوەتەوە بۆ دادگەکانی بەغدا."
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی، هەر بەربژێرێکی دوورخراوە دەتوانێت لە ماوەی سێ رۆژ لە دەستەی دادوەریی کۆمیسیۆن تانە لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بدات، دەستەکەش دەبێت لە ماوەی 10رۆژدا یەکلایی بکاتەوە و بڕیاری کۆتایی بدات، هەمووانیش دەبێت پابەندی بڕیاری دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن بن.
زیاتر لە 7900 کەس خۆیان بەربژێر کردووە. کۆمیسیۆن ناوەکان بۆ پشکنینی شایستەیی رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بریتین لە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڵگە و تاوان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان. دواتر لەسەر بنەمای وەڵام ئەو لایەنانە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیار لە پەسند، یاخود دوورخستنەوەی هەر بەربژێرێک دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ