کۆمیسیۆن کاخەزی دەنگدانی پەسند کرد و دەینێرێت بۆ چاپ

25-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کاخەزی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسند کرد و دەینێرێت بۆ چاپکردن، بڕیاریشیدا ئەو بەربژێرە سەربەخۆیانەش کە لەمەودوا دوور دەخرێنەوە، دەنگەکانیان بلۆک بکرێن.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کاخەزی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پەسند کرد بەمەبەستی ناردنی بۆ چاپکردن، کاخەزەکە دوو جۆرە، یەکێکیان بۆ دەنگدانی گشتی و ئەوەی دیکەیان بۆ دەنگدانی تایبەت".
 
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ ئەنجام دەدرێت، هەر پارێزگایەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردنە و کاخەزی دەنگدانی تایبەت بەخۆی دەبێت.
 
عیماد جەمیل رایگەیاند، کاخەزی دەنگدانی تایبەت گەورەترینە، لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش بۆ دەنگدانی گشتی، کاخەزی دەنگدانی بەغدا گەورەترینە کە قەبارەکەى 30 بە 70 سانتیمەترە.
 
ئێستا قۆناخی لێکۆڵینەوە و وردبینییە لە دۆسیەی بەربژێران لەلایەن 13 وەزارەت و دامودەزگای تایبەتمەندی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە. دوای پەسندکردنی ناوی بەربژێران لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.
 
سەرۆکی تیمی رۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیاریداوە هەر بەربژێرێکی تاک (سەربەخۆ و کۆتا) لەمەودوا دوور بخرێتەوە، لە کاتی دەنگداندا ئەو دەنگانەی بەدەستی دەهێنێت رادەگیرێت و بلۆک دەکرێت. بەوپێیەى ناویان لەسەر کاخەزى دەنگدان دەمێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە