راوێژکارێکی سوودانی بۆ رووداو: دەکرێت بەم نزیکانە هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە

24-09-2023
نەهرۆ محەممەد
د. حوسێن عەللاوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق.
د. حوسێن عەللاوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، لە حکومەتی محەممەد شیاع سوودانیدا چارەسەریی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە دامەزراوەییە و بەیەک چاویش سەیری هەموو فەرمانبەرانی عێراق دەکەن بە هەرێمی کوردستانیشەوە؛ دەشڵێت، " لەوانەیە بەم نزیکانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێبکاتەوە." 
 
د. حوسێن عەللاوی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 24-09-2023، لە میانی بەشداریکردنی لە نیوڕۆژی تۆڕیی میدیایی رووداو کە لەلایەن سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێش دەکرێت، رایگەیاند، لە حکومەتەکانی رابردوودا چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سیاسی بووە نەک دامەزراوەیی و گوتیشی، ئەوەی تێبینیان کردووە لە حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی، چارەسەری دامەزراوەیی هەیە.
 
ئەو راوێژکارەی سوودانی گوتی، "ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری سەربازیدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشیی نەتەوەیی عێراق بەشدارە. سوپاسالاری پێشمەرگە لە چوارچێوەی سیتسمی بەرگریی نیشتمانی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بەشدارە. لە شاندی عێراق کە سەرۆکوەزیران لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆکایەتیی دەکرد، نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداربوو و لە هەموو دانیشتنەکاندا ئامادەبوو. پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەشدارن. هاوبەشی و کاری دامەزراوەیی هەیە کە سەرۆکوەزیران کاریان لەسەردەکات و لە قۆناخی داهاتووشدا کاریان بۆ دەکات".
 
لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستانەوە لە یاسای بودجەدا، راوێژکارەکەی سوودانی گوتی، "لە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 لە مادەکانی 11 و 12 و 13 نەخشەرێگەیەکی زۆر روون هەیە و بەشێوەیەکی دامەزراوەیی جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش لەپێناو کۆتاییهێنان بە بابەتی مووچە. هاوکات پاکتاویی دارایی بودجەکانی رابردوو لە 2004 تا 2022 هەیە لەگەڵ بەشداری دیوانی چاودێری دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان؛ بۆیە چارەسەریی دامەزراوەیی هەیە و حکومەتی عێراق کاری لەسەر دەکات و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشدارە".
 
عەللاوی باسی لەوەکرد، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوایین سەردان و دیداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بەو ئاراستەیە هەنگاوی نا، لە بەرامبەردا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەڵامی داواکەی دایەوە بەوەی چارەسەرێکی بەرایی هەبێت و چارەسەری کۆتاییش لە رێگەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و یاسابەرکارەکانەوە دەبێت. ئەوەش یەکێک بوو لە چارەسەرییەکان بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی سەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، چونکە حکومەت بەیەک چاو سەیری هەموو فەرمانبەران دەکات لە حکومەتی فیدراڵی یان حکومەتی هەرێمی کوردستان یان حکومەتە خۆجییەکان و جەخت لە دادی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە لە دابەشکردنی داهاتدا. دەستوور و یاسا بەرکارە کە دەبێت پاکتاوکردن و چاودێریی هەبێت لەگەڵ چاوێریی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ سەر پرۆسەی خەرجییەکانی یاسای بودجە. بۆیە ئێستا بە دامەزراوەییبوون جەختی لەسەر دەکرێتەوە بۆ چارەسەری کۆتایی کێشەی مووچەی فەرمانبەران و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و پرۆسەی خەرجی و پاک و بێگەردی لەم بابەتەدا لە ژێر چەتری دەستوور و یاسا." 
 
لە 25ی ئاداری 2023وە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و نزیکەی 6 ملیار دۆلار زیانی هەبووە. راوێژکارەکەی سوودانی دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵی و وەزارەتی نەوت بەدیاریکراوی بە بەشداریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حکومەتی تورکیا، پشکنین بۆ بۆریی گواستنەوەی نەوت کراوە کە دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا زیانی بەرکەوت؛ هەروەها ئاڵنگاری بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس هەیە. ئێستا بەشێوەیەکی کردەیی گفتوگۆ دەکرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردکردنی نەوت. وەزارەتی نەوت کاری گەورەی کردووە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە؛ لەرووی تەکنیکیەوە پشکنین بۆ بۆرییەکان کراوە و لەوانەیە هەناردەکردنەوەی نەوت بەم نزیکانەوە دەستپێبکاتەوە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.