وەزیری کاری عێراق بۆ رووداو: بێکاریمان بۆ 13.5% دابەزاندووە

24-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق دەڵێت، 90%ی کرێکارە سووریاییەکان بە نایاسایی لە عێراقن. ئاماژە بەوەش دەکات، هەزاران کەس لەوانەی لە کاتی زیارەتە ئایینییەکاندا دێنە عێراق، ناگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025 ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زۆربەی کرێکارە سووریاییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هاتوونەتە عێراق، بەڵام ناکرێ ئەو بابەتە تەنیا بە شێوەیەکی نەرێنی تەماشا بکرێ، چونکە کرێکارە سووریاییەکان رۆڵێکی بەرچاویان لە پێشخستنی کەرتی گەشتیاری و کەرتی هۆتێلدا هەبووە."
 
وەزیری کاری عێراق گوتی، "90%ی کرێکارە سووریاییەکان بە نایاسایی لە وڵاتن و پێویستە بوونیان بەیاسایی بکرێ. لە وڵاتی ئێمەشدا هێزی کاری بیانی یەکێکە لەو کێشانەی کە پێویستی بە چارەسەری راستەقینەیە."
 
بە گوتەی ئەحمەد ئەسەدی، ئەو کرێکارە بیانییانەی بە نایاسایی لە عێراقن، بە ڤیزەی سەردانیکردن یان گەشتیاری هاتوون و گوتی، "ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆش دەریدەخەن، لە کاتی زیارەتە ئاینییەکاندا ملیۆنان کەس دێنە عێراق و بە هەزارانیان ناگەڕێنەوە و لێرە دەمێننەوە. هەندێک کرێکاریش هەن کە بە قاچاخ لە بەنگلادیشەوە بۆ ئەفغانستان و ئێران و پاشان دێنە عێراق."
 
لەبارەی رێژەی بێکاری لە عێراق، وەزیری کاری عێراق گوتی، "هەوڵەکانی وەزارەت لە رێگەی پێدانی قەرز و پرۆگرامی جیاوازەوە بووەتەهۆی دابەزاندنی رێژەی بێکاری لە 16.5%ـەوە بۆ 13.5%."
 
بەپێی ئاماری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی عێراق، نزیکەی 15 ملیۆن کرێکار لە عێراق هەن کە زیاتر لە یەک ملیۆنیان بیانین. لەو ژمارەیەش 850 هەزار کرێکار لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە