رووداو دیجیتاڵ
ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق دەڵێت، لە ساڵانی رابردوودا هەوڵ درا پارێزگایەک بۆ کار و چالاکی تشرینییەکان تەرخان بکرێت.
بە گوتەی عەلی عەسکەری، ئیلیزابێز تسوورکۆڤ و تیمەکەی لە عێراق لەسەر سێ تەوەری سەرەکی کاریان کردووە. یەکەم، دروستکردنی شەڕ و ململانێ لەنێوان لایەنە شیعەکانی عێراق؛ دووەم، بەڕێوەبردنی ئەو گرووپ و جووڵانەوانەی بە 'تشرینییەکان' ناسراون؛ سێیەم، هەوڵدان بۆ هەبوونی پارێزگایەک تێیدا تشرینییەکان بتوانن جموجووڵ و چالاکییەکانیان هەبێت.
رۆژی 9ی ئەیلوولی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، "خۆشحاڵم ئاماژە بەوە بکەم کە ئیلیزابێز تسوورکۆڤ، قوتابی زانکۆی پرینستن کە خوشکەکەی هاووڵاتییەکی ئەمریکییە، کەمێک لەمەوبەر لەلایەن کەتیبەکانی حیزبوڵڵاوە ئازاد کرا."
ئەبو عەلی عەسکەری گوتی، حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی بەشێک لە کارەکانی بۆ پاراستنی عێراق بووە لە هێرشێکی چاوەڕوانکراو و ناچارکردنی "دووژمنی ئەمریکی" بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی کشانەوەی هێزەکانی.
عەلی عەسکەری لەبارەی ئەو لایەنەی ئیلیزابێز تسوورکۆڤی دەستگیرکردبوو، رایگەیاند، "ئەو لایەنە هەموو زانیارییەکانی لێوەرگرت و تیمەکەشی هەڵوەشاندەوە. ئێستا ئیلیزابێز تسوورکۆڤ هیچ بەهایەکی ئەمنی نەماوە."
تسوورکۆڤ هاووڵاتییەکی رووسی - ئیسرائیلییە و خوێندکاری دکتۆرایە لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ساڵی 2023 لەنێوەڕاستی بەغدا لە دۆخێکی گوماناویدا دیارنەما و دواتر پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپە چەکدارەکان درێژکرا.
ئەبو عەلی عەسکەری ئاماژەی بەوەشکرد، ئیلیزابێز تسوورکۆڤ لە ساڵی 2006ـەوە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل و بەرەی تەحریری شام لە سووریا کاری کردووە و ناوەندی پەیوەندیی نێوان ئەوان و ئیسرائیل بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ