پسپۆرێکى سەربازى: دۆخى ناسەقامگیرى عێراق زوو ئاسایی نابێتەوە

25-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پسپۆرێکى سەربازى رایدەگەیێنێت، هێرشی سوپاى ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر یەکدی، ئاسایشى نیشتمانیى عێراق دەخاتە مەترسیەوە، ئەو کێشەیەش بەمنزیکانە چارەس ناکرێت و دەشڵێت، "ململانێ سەربازییەکان کاریگەرى خراپى سیاسیى دەبێت و ئەو سوپایەى بەهێزبێت مەرج دەسەپێنێت."
 
فەریق سەروەر بەرزنجى، پسپۆرى ئەمنى و سەربازى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکەکانى سوپاى ئەمریکا لە عێراق و بۆردوومانکردنى بارەگاکانى حەشدی شەعبی لەلایەن سوپاى ئەمریکاوە ئاسایشى نیشتمانیی عێراقى تووشی کێشە کردووە و بەم نزیکانەش ئەو کێشە چارەسەر ناکرێت.
 
بەرەبەیانی 14ـی کانوونى دووەمى 2024، سوپاى ئەمریکا دوو پێگەى کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقی سەر بە حەشدی شەعبی لە ئەنبار و بابل بۆردوومان کرد، بارەگایەکیان لە سنوورى ئەنبارە کە لە ناوچەى سیکەک لە شارى قائیمى رۆژئاواى ئەنبار، بارەگاکەی دیکە لە ناحیەى جورف سەخر بووە لە باشووری بابل.
 
فەریق سەروەر بەرزنجى پێشبینی کرد کە بەم نزیکانە سەقامگیرى بۆ عێراق نەگەڕێتەوە و گوتى، "هەموو ململانێیەکى سەربازى، کاریگەرى خراپى دەبێت لەڕووى سیاسیی و ئابوورى و دارایی و کۆمەڵایەتى و دەرونییەوە کە هاووڵاتییان باجەکەى دەدەن." 
 
فەریق سەروەر بەرزنجى  گوتیشى، "هاوکێشەى هێز، کاریگەرى هەیە لە جەنگدا و ئەو سوپایەى بەهێزترە مەرجى خۆى دەسەپێنێت".

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە