رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعەی عێراق داوا دەکەن بێ رادەستکردنی نەوت، هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان خەرج نەکرێت. ئاماژە بەوەش دەکەن، لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن.
ئەو پەرلەمانتارانە لە راگەیێندراوێکدا، کە شەوی رابردوو بڵاویانکردووەتەوە، رەخنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن و داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکەن، بەبێ رادەستکردنی نەوت لەلایەن هەولێرەوە، هیچ بڕە پارەیەکی بۆ نەنێرێت.
ئەو پەرلەمانتارانە هەڕەشەی لێپرسینەوە لە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەکەن لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان.
پەرلەمانتارەکان لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە دەکەن، دوای پەسندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵیی سێ ساڵە، چەند مادەیەک هەبوون کە پەیوەندییان بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو، بەڵام پابەند نەبووە و تەنیا نزیکەی 399 ملیاری لە داهاتی نانەوتی رادەست کردووە، کە خۆی زیاتر بووە لە چوار تریلیۆن، لەگەڵ رادەستکردنی 90 هەزار بەرمیل نەوت بۆ 6 مانگ، کە دواتر ئەویش راگیرا.
پەرلەمانتارەکان دەڵێن، سەرباری پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی هەوڵی داوە چارەسەری کێشەکان بکات، لەوانەش لە رێگەی تەرخانکردنی سێ قەرزی ساڵی رابردوو بە بڕی زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار، کە ئەوە بە کارێکی نایاسایی ناودەبەن.
ئەو پەرلەمانتارە شیعانە رایدەگەیێنن، بەشداریکردنیان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان هەڵدەپەسێرن، تاوەکو دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیار لە دانیشتنی پەسندکردنی هەرسێ پرۆژەیاساکە دەدات، کە بریتین لە لێبووردنی گشتی، هەمواری باری کەسێتی و گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان.
ژمارەی پەرلەمانتارە شیعەکان نزیکەی 20 پەرلەمانتار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ