رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە ناوی 17 هەزار و 50 کەس رابگەیێندرێت کە لە پارێزگای نەینەوا دادەمەزرێن؛ هەزار کەسیان لە شنگال دەبن.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ شەممە 25-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی یەکشەممە دامەزراندنی 17 هەزار و 50 کەس بە گرێبەست لە بەردەم میدیاکان رادەگەیێندرێت".
بە گوتەی محەممەد جاسم کاکەیی، لەو 17 هەزار و 50 کەسە هەزاریان بۆ شنگال تەرخانکراون و 50یان بۆ فڕۆکەخانەی موسڵ؛ 16 هەزارەکەی دیکە بە گوێرەی چڕی دانیشتووان و پێویستییەکان بەسەر شار و شارۆچکەکانی پارێزگاکە دابەشکراون.
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 25-01-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانن و خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن لە سنووری پارێزگای نەینەوا، مافی پێشکێشکردنیان هەبوو.
دامەزراندنەکە بە گرێبەستە و بۆ 3 ساڵە و کەسی دامەزراو مانگانە 300 هەزار دینار وەردەگرێت.
ئەو 17050 کەسە لەکۆی ئەو 150 هەزار دامەزراندنە گرێبەستەیە کە لە بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 دیاریکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ