رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، دوو ملیۆن و 700 هەزار کەس مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، بەم دواییانەش پارەی سندووقی خانەنشینی عێراق 15 تریلیۆن دینار کەمیکردووە. داوا دەکرێت یاسای خانەشینی هەموار بکرێتەوە و تەمەنی خانەنشینی زیادبکرێت.
رۆژی دووشەممە، 25ی ئاداری 2024، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، میوانداریی ماهر بەیاتی، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتیمانی کرد بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگی تایبەت بەکاری دەستەکە، لەوانە؛ ئەو کورتهێنانەی، کە رووبەڕووی دەستەکە بووەتەوە بەهۆی زیادبوونی زۆری ژمارەی خانەنشینانی ساڵانە، کە لە 10٪ـەوە بووەتە 12٪.
رۆژی دووشەممە، 25ی ئاداری 2024، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی عێراق روونیکردەوە، ژمارەی خانەنشینان لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 700 هەزار کەسن، نزیکەی 711 هەزاریان مووچەکانیان لە سندوقی خانەنشینی دەدرێت و نزیکەی ملیۆنێک و 990 هەزاری دیکەیان لە گەنجینەی حکومەت.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەکرد، پارەی سندوقی خانەنشینی زۆر کەمیکردووە، پێشتر نزیکەی 26 تریلیۆن دیناری تێدا بوو، ئێستا بۆ کەمتر لە 11 تریلیۆن دابەزیوە، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی لە وەڵامدا هۆکارەکەی بۆ هەمواری یاسای خانەنشینی گەڕاندەوە، کە تەمەنی خزمەت و خانەنشینی کەمکراوەتەوە، ئەوەش وایکرووە ژمارەی خانەنشینان زۆربێت لەکاتێکدا پارەی سندووقی خانەنشینی لە لێبڕینی خانەنشینی فەرمانبەران دێت.
سەرۆکی دەستەی خانەشینی زیاتر روونیکردەوە، پێشتر فەرمانبەر لە تەمەنی 63 ساڵ خانەشین دەبوو، هەروەها ئەگەر تەمەنی پەنجا ساڵ بووایە ئەوسا دەیتوانی داوای خانەنشینی بکات، بەڵام ئێستا دوای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی 2019 ، لە تەمەنی 60 ساڵی خانەنشین دەبێت، هەرکەسێکیش 15 ساڵ خزمەتی هەبێت و تەمەنی بگاتە 50 ساڵ دەتوانێت خانەنشین بێت، تەنانەت ئەوەی 15 ساڵ خزمەتیشی تەواو نەکردبێت، دەتوانێت خزمەت بکڕێتەوە، ئەوەش بارگرانی و گرفتی گەورەی بۆ سندووقی خانەنشینی دروست کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە کۆبوونەوەکە باسی لەوەکرد، پێویستە دەستەی خانەنشینی پلانی پەرەپێدانی هەبێت بۆ بەهێزکردنی وەبەرهێنانەکانی سندوقی خانەنشینی نیشتمانی، بەشێوەیەک سەرمایەکەی زیادبکات، کە بتوانێت 50٪ مووچەی خانەنشینی دابین بکات و ئەو خزمەتگوارییانەشی زیاد بکات، کە پێشکێشی خانەنشینانی دەکات. هەروەها پێویستە وەزارەتی دارایی و وەزارەتەکانی دیکە قەرزەکانیان بدەنەوە دەستەی خانەنشینی نیشتمانی.
سەرۆکی لیژنەی دارایی گوتیشی، سکاڵایان پێگەیشتووە بەوەی لە پرۆسەی پێدانی مووچەی خانەنشینان لە رێگەی ئەلیکترۆنی فێل کراوە. هەروەها راشیگەیاند، بەپەلە هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینی 2019 کراوە، ئەوەش دەستەی خانەنشینی نیشتمانی تووشی کورتهێنان کردووە، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بەو بڕگەیە بکرێت، کە تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ کەمکردەوە.
لەبارەی ژمارەی مووچەخۆرانی عێراق بەگشتی، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ژمارەی مووچەخۆران لە عێراق بە فەرمانبەرانی هەمیشەیی، گرێبەست، خانەنشین و چاودێریی کۆمەڵایەتی، شەهیدان، زیندانی سیاسی، شوێنبزربوو زیاترە لە 10 ملیۆن کەسە.
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025، ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی عێراق چوار ملیۆن و 74 هەزار و 697 فەرمانبەرە؛ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بە 658 هەزار و 189 فەرمانبەر دیاریکراوە. لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 251 هەزار و 451 مووچەخۆری هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ