ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ: چارەنووسی هەزاران عێراقیی بێسەروشوێنکراو نادیارە

25-04-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ، راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی 2023-2024 بڵاوکردەوە، لە بەشێکی راپۆرتەکەیدا باسی پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "چارەنووسی هەزاران عێراقی، کە ساڵانی پێشتر بێسەروشوێن کراون، تائێستاش نادیارە."
 
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت "بەرپرسانی عێراق لە 2023ـشدا هیچ هەنگاوێکییان نەگرتەبەر بۆ پەلکێشکردنی ئەندامانی ئەو هێزە ئەمنی و گرووپە چەکدارانەی دەستیان لە تووندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەرانی تشرینی یەکەمی 2019 هەبوو".  
 
دەشڵێت هێزە ئەمنییەکان بەردەوام بوون لە "رفاندن و بێسەروشوێنکردن"، هەروەها "چارەنووسی هەزاران عێراقی کە لە ساڵانی پێشووتردا بێسەروشوێنکران، بە نەزانراوی مایەوە." نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمدا 400 کەس کوژران و 19 هەزار کەسیش بریندارکران.
 
راپۆرتەکە دەڵێت "لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023ـدا هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە عێراق کرا، رێژەی بەشداری 41٪ بوو"،  ئەمنیستی هۆکارەکەی بۆ "بێ متمانەیی" خەڵک بە بەرپرسان دەگەڕێنێتەوە.
 
ئەمنیستی لە راپۆرتەکەیدا دەربارەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، رەخنەگرانی حکومەت، کە بڕیاربوو ئازادبکرێن، لە زینداندا هێڵرانەوە دوای ئەوەی بەرپرسان "تۆمەتی چەواشەکارییان" ئەمە بەپێی راپۆرتەکەی ئەمنستی "بۆ هێنانەوە"، لەنێویاندا هەریەک لە شێروان شێروانی و گوهدار زێباری، کە لە ئۆکتۆبەری 2020ـەوە زیندانیکراون.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، "گوهدار زێباری بڕیاربوو 16ـی ئابی 2023 ئازاد بکرێت، بەڵام لەو رۆژەدا ئاگادارکراوەتەوە کە تۆمەتی دیکەی بەسەردا ساخکراوەتەوە، تاوەکو 1ی تشرینی یەکەم لە گرتووخانە مایەوە و، دواتر سزای زیندانی شەش مانگی دیکەی بەتۆمەتی هەبوونی چەکی بێ مۆڵەتی بۆ درێژکرایەوە." 
 
راپۆرتەکە دەڵێت "بڕیاربوو شێروان شێروانیش لە 9ـی ئەیلوولی 2023 ئازاد بکرێت، بەڵام لە 20ـی تەممووز دادگا سزای زیندانی چوار ساڵی دیکەی بۆ بڕییەوە بە تۆمەتی ئەوەی گوایە واژۆیێکی گوهدار زێباریی ساختەکردووە، کە دواتر گوهدار گوتبووی لەسەر رەزامەندیی خۆی بووە." 
 
ئەمنیستی لەراپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی شەڕی تورکیا و پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەدرێژایی 2023، وەزارەتی بەرگری تورکیا هێرشی کردووەتە سەر سەر پێگەکانی پەکەکە. ئاماژە بەو هێرشە درۆنییەش دەکات کە تورکیا لە 13ـی ئۆکتۆبەر کردییە سەر کەمپی مەخموور و، بووە هۆی برینداربوونی ئافرەتێک و دوو منداڵ.
 
ئەمنیستی ئەوەشی خستووەتەڕوو، گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق لە 2023دا وشکەساڵی خراپترکرد و بەرهەمی کشتوکاڵی کەمکردەوە. ئاوی پیس بووە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە سەرتاسەری وڵات، ئەمە لەکاتێکدایە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، لە ساڵەکەدا هەزار و 302 تووشبووی کۆلێرا تۆمارکران، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمیش حەوت کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
 
ئەمنیستی باس لە سەلوان مۆمیکا، ئەو هاووڵاتییە بەڕەچەڵەک عێراقییەش دەکات، کە لە سوێد قورئانی پیرۆزی سووتاند، کە گرژی و ئاڵۆزی و چەند خۆپیشاندانێکی بەدوادا هات و بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەنێوان عێراق و سوێد، ئەمە لەکاتێکدایە لایەنگرانی موقتەدا سەدر هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و بەشێکیان سووتاند، لە مانگی ئەیلوول دادگەیەکی بەغدا سزای زیندانیی 18 مانگ بۆ سێ ساڵی بۆ 18 پۆلیس بڕییەوە کە گوایە شکستیان هێناوە لە پارێزگاریکردن لە هێرشی سەر باڵیۆزخانەی سوێد.
 
لە راپۆرتەکەدا باس لە کاردانەوەکان بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەش کراوە، دەڵێت لە ئۆکتۆبەری 2023 سەرکردایەتی حەشدی شەعبی و مامۆستایانی ئایینی داوای خۆپیشاندانی پشتیوانیان لە فەڵەستین کرد، تاوەکو کۆتایی ساڵ چەندین لایەنی سەر بە حەشدی شەعبی کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی ناودەنێن، هێرشیان کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئەنبار و هەرێمی کوردستان.
 
ئەمنستی دەڵێت "پەرلەمانی عێراق شکستی هێنا لە ناساندنی تووندوتیژی خێزانی بە تاوان، وەکو پێویستیش پارێزگاریی لە کچ و ژنان نەکردووە." دەشڵێت بەرپرسانی عێراق هیچ هەنگاوێکیان نەهاوێشتووە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سزادانی عێراقی کە رێگە بە پیاو دەدات لە هاوژینەکەی بدات، دایک و باوکانیش بۆ ناچارکردنی منداڵەکانیان تاوەکو گوێرایەڵیان بکەن، سزایان دەدەن. سزای سووکیشی بۆ کوشتن لەسەر شەڕەف داناوە. رێگە بەدەستدرێژیکارانی سێکسی دەدات بە مارەکردنی قوربانییەکە خۆیان لە سزادان بپارێزن.
 
بەپێی راپۆرتەکەی ئەمنستی، ئەو هەلومەرجانەی هەن، "بوونەتە هۆی ئەوەی قوربانیانی تووندوتیژیی خێزانی نەتوانن لە دەست ئازار و ئەشکەنجە رابکەن". رەخنە لە سستیی پرۆسەی دادگایکردن دەگرێت و ئاماژە بە خراپی دۆخی پەناگەکان (شێڵتەر) دەکات کە زۆربەی کات ئەو کچ یا ژنانە ناچار دەکات لە سکاڵای پاشگەزببنەوە کە لە دژی سەرپێچیکارەکەیان تۆماریان کردووە."
 
ئەمنیستی رەخنە لە یاسایێکی ساڵی 2021ی تایبەت بە رزگاربووانی ئێزدی دەگرێت، دەڵێت پێویستە سکاڵا تۆماربکەن بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە. ئەمە "گرنگترین بەرژەوەندییەکانی رزگاربووان دەخاتە مەترسییەوە و ئاستەنگی دەخاتە بەردەم قەرەبووکردنەوەیان."
 
سەبارەت بە دۆخی پەنابەران، ئەمنیستی ئاماژە بەوە دەکات تاوەکو سەرەتای ساڵ، 1.2 ملیۆن ئاوارەی دەستی داعش هەبوون، زۆربەیان شەش ساڵ بوو لە دۆخی نالەباردا دەژیان، ئەمەش لەکاتێکدایە شەش ساڵە سەرکەوتن بەسەر گرووپە پەڕگیرەکە راگەیێندراوە.
 
لە مانگی نیساندا بەرپرسانی عێراقی دوایین کەمپی ئاوارەکانیان لە پارێزگەی نەینەوا بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکان داخست. ئێستا هەرێمی کوردستان تەنیا شوێنە لە عێراق کەمپی ئاوارەکانی لێیە. ئەمنستی  داخستنی کەمپەکەی نەینەوا بە مەترسی  بۆ سەر سەدان خێزانی عێراقی لێکدەداتەوە، کە ئەگەری هەیە بۆ جاری دووەم ئاوارە ببنەوە و هیچ پلانێکیش دانەڕێژراوە بۆ ئەوانەی توانایان نییە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. تاوەکو کۆتایی 2023 لانیکەم 1.1 ملیۆن ئاوارە لە عێراق تۆمارکران. 175 هەزاریان لە کەمپەکانن، ئەوانی دی لە بەسەر کۆمەڵگەدا دابەشبوونە.
 
لە رووی ئاوەوە عێراق لە 2023ـشدا وەکو یەکێک لە پڕکێشەترین وڵاتانی جیهاندا مایەوە. بۆ دوو ساڵ لەسەر یەک وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق نزمترین ئاستی ئاوی تۆمارکرد. بەغدا هۆکارەکەی بۆ دروستکردنی بەنداو لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە گەڕاندەوە. (یونیسێف)ـیش هۆکارەکەی بۆ ژمارەیەک فاکتەر گەڕاندەوە، یەکێکیان خراپ ئیدارەدانی ئاو بوو، هەروەها زیاد بەکارهێنانی ئاو لەلایەن دامودەزگاکان.
 
ئەمنیستی پشت بە ئامارێکی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران دەبەستێت کە دەڵێت، تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2023 لانیکەم 21 هەزار و 798 کەس لە پارێزگەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەهۆی وشکەساڵی و قەیرانی ئاوەوە ئاوارەبوون، کە گۆڕانی کەشوهەوا هۆکاری خراپتربوونی دۆخەکە بووە.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە