جەنەراڵێکی هۆڵەندی دەبێتە فەرماندەی ناتۆ لە عێراق

25-05-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق گۆڕدرا و جەنەراڵێکی هۆڵەندی جێگەی جەنەراڵە ئیسپانییەکەی گرتەوە. فەرماندە نوێیەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە پێشکێشکردنی راوێژ و هاوکاری بە عێراق.
 
رۆژی هەینی 24ی ئایاری 2024 ناتۆ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ هەینی، لە رێوڕەسمێکدا کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، جەنەراڵی هۆڵەندی لوکاس شرورس بووە فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق." دەشڵێت، جەنەراڵەکە شوێنی خۆسێ ئەنتۆنیۆ ئاگوێرۆ مارتینێز، جەنەراڵی ئیسپانی گرتەوە، کە لە ئایاری 2023وە لە پۆستەکەدا بوو.
 
دوای وەرگرتنی پۆستەکە، شرورس گوتی، "ئەمە شانازی و شەرەفێکی گەورەیە بۆ من و هۆڵەندا کە بوومە فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە عێراق. دروشمی هێزەکەمان بنیاتنانی ئاسایش و سەلامەتییە و بەردەوامیش دەبین لەسەری بە هاندانی راوێژکارەکانمان، کە بەردەوام بن لە پێدانی راوێژ و هاوکاریی پێویست بە عێراقییەکان."
 
خۆسێ ئەنتۆنیۆ ئاگوێرۆ مارتینێز گوتی، راوێژکارانی ناتۆ "زانیاری و ئەزموونی پێویستیان هەیە، کە پێویستە بۆ ئەرکەکەیان. ئەوان لە دامودەزگاکانی عێراق دان و بەردەوام لەگەڵ هاوتاکانیان لە پەیوەندیدان." هەروەها دەشڵێت، "ئەوان دەزانن پێویستیان بە چییە و ئەو پاڵپشتییە چییە کە ناتۆ دەتوانێت پێشکێشی بکات."
 
جەنەراڵە ئیسپانیەکە، رۆژی چوارشەممە 24ی ئایاری 2023 بووە فەرماندەی ناتۆ لە عێراق و شوێنی جیۆڤانی ماریا یانووچی، جەنەراڵی ئیتاڵیای لە ناتۆ گرتەوە، کە لە ئایاری 2022ەوە ئەو پۆستەی وەرگرتبوو.
 
فەرماندەیی ناتۆ لە عێراق، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2018وە دامەزراوە و تەنیا راوێژ بە هێزە خۆجێییەکان دەدەن و توانستیان بەرز دەکەنەوە. ئامانج لە فەرماندەییەکە ئەوەیە، عێراق دامەزراوەی ئەمنیی سەقامگیر، روون و کاریگەر بونیات بنێت.
 
فەرماندەیی ناتۆ لە عێراق بە رەزامەندیی حکومەتی عێراق لەو وڵاتەدا کار دەکەن و بەگوێرەی ئەنجێدای کارکردنی ناتۆ، رێز لە سەروەریی خاکی عێراق دەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بنکەیەکی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق. وێنە: رووداو

هێزە شیعەکان لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبنە دوو بەشەوە

بابەتی هەڵبژاردنى پێشوەختەى پەرلەمانى عێراق هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەکات بە دوو بەشەوە. نوورى مالیکى پاڵپشتی لە ئەنجامدانی دەکات و حەیدەر عەبادى دژیەتی. بەگوتەى سەرکردەیەکى ئەو هاوپەیمانێتییە، نەویستراوە ئەو بابەتە ببنە کۆبوونەوەکان، نەوەک لەبرى چارەسەر کێشەى دیکە دروست بکات.