رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق دەڵێت، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی دەبوایە بە رێگەی وشکانی بچنە سعودیە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، گەیشتنە ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی ئایاری 2025 دەستەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، دوایین کاروانی ئەو هاووڵاتییانەی دەبوایە بە رێگەی وشکانی بچنە سعودیە، گەیشتنە ئەو وڵاتە.
دەستەکە دەڵێت، پرۆسەی گەیاندنی هاووڵاتییان بە رێگەی وشکانی 10 رۆژی خایاند و بە 1050 پاس گوێزرانەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، هیچ رووداوێکی نەخوازراو لەکاتی گواستنەوەی هاووڵاتییان لە خاکی عێراق و سعودیە تۆمار نەکرا.
هاوکات مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە گەیشتوونەتە سعودیە و پرۆسەی گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییانەش بەردەوامە کە ناویان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج گەڕاوەتەوە."
مەیسەم سافی گوتی، هێڵی ئاسمانیی عێراقی قۆناخی یەکەمی گەیاندنی حاجیانی لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، نەجەف و بەسرە تەواو کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند، تاوەکو چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و شەش هەزارەکەی دیکەش کە ماون بە فڕۆکە دەگوازرێنەوە بۆ سعودیە.
دوێنێ شەممە 24-05-2025 کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە شاری مەدینەی سعودیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەو رۆژە "سێ هەزار و 398 هاونیشتمانی بۆ حەج گەیشتوونەتە سعودیە، هەزار و 734 کەسیان لە رێگەی ئاسمانی و هەزار و 664 کەسیشیان لە رێگەی وشکانی."
کاروان ستوونی گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ رووداوێکی نەخوازراو لەنێو زیارەتکارانی کوردستان لە رێگە و لە سعودیەش رووینەداوە."
16ی ئەم مانگە، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی فەریزەی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوت.
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی: "گەشتەکان بەردەوامن و 28ی ئەم مانگە دوایین گەشت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە دەکرێت."
پار چوار هەزار و 174 کەس ناویان دەرچوو، بەڵام بۆ حەجی ئەم ساڵ کە لە 25-09-2024 تیروپشکی بۆ کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
ئەم ساڵ نزیکەی 34 هەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراق حەج دەکەن و لە هەرێمی کوردستانیش پێنج هەزار و 120 کەس دەچنە حەج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ