عێراق
کۆبوونەوەیەکی پێشتری هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بەبێ بەشداریى نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا کۆبووەوە و پرسى جێبەجێکردنى یاساى بودجەی تاوتوێکرد. سەرکردەیەکى ئەو هاوپەیمانێتییە دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا کێشەى نێوان دوو لایەنى هاوپەیمانێتییەکە باسکرا".
25ى حوزەیرانى 2023، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە ماڵى هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتح کۆبووەوە لە راگەیێندراوێکدا هاوپەیمانێتییەکە ئاماژەى بەوە داوەکە "محەممەد شیاع سوودانى، وردەکاریى ئامادەکارییەکانى حکومەتى خستووەتەڕوو لەبارەى جێبەجێکردنى یاساى بودجە و چارەسەرى کێشەى کارەبا و هەڵسەنگاندنى قۆناخى رابردوو".
کۆبوونەوەکە دەورى بوو، کە هەفتانە ئەو هاوپەیمانێتییە دەیکات و نوێنەرى زۆرینەى لایەنە شیعەکان تێیدا بەشدارن، بەڵام نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا بەشدار نەبوو.
ئەبوو میساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر، کە پارتەکەى یەکێکە لە پێکھێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی کێشەى نێوان دوو لایەنى نێو هاوپەیمانێتییەکە تاوتوێکرا کە لە چەند رۆژى رابردوودا لەنێوان بزووتنەوەى عەسائیبی ئەهلى حەق و نوورى مالیکى رویانداوە و کێشەکە چارەسەرکرا.
24ى حوزەیران عەلى جەمالى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى سادیقوون کە نوێنەرى عەسائیبی ئەهلى حەقە لە پەرلەمان، رەخنەى لە مالیکى گرت و تۆمەتبارى کرد بەوەى هۆکار بووە بۆ لەدەستدانى سێیەکى خاکى عێراق لە بەرژەوەندیى رێکخراوى داعش، ئەو کاتەى سەرۆکوەزیران بووە.
ئەبوو میساق مەسارى رایگەیاند: یەکێک لەو پرسانەى دیکە کە لە کۆبوونەوەکەدا باسکراوە، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بووە کە تاوەکو ئێستا ئاراستەکە بەرەو ئەوەیە کە بە چەند لیستێکى جیاواز بەشدارى بکەن، بەڵام بەڕێوەبردنەکەى ناوەندى بێت لەلایەن ئەمیندارێتیى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگییەوە.
بڕیارە لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق ئەنجامبدرێت، کە دواینجار لە ساڵى 2013 کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ