رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 80 هەزار هاووڵاتی لە رۆژانی جەژنی قورباندا لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە گەشتیان کردووە.
هێڵی ئاسمانیی عێراقییە رۆژی سێشەممە 25-06-2024 رایگەیاند، لە رۆژانی جەژنی قورباندا 83 هەزار و 688 هاووڵاتی بە 479 گەشتی ئاسمانی لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە گەشتیان لەنێوان شارەکان و بۆ دەرەوە کردووە.
کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە، کۆمپانیایەکی حکومییە و سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراقە.
سەرچاوەیەک لە هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بە رووداوی گوت، ئێستا هێڵەکەیان 32 فڕۆکەی هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، کار لەسەر فراوانکردنی گەشتە ئاسمانییەکانیان دەکەن.
سەبارەت بە گەشتی راستەوخۆی هێڵەکە بۆ ئەورووپا، ئەو سەرچاوەیە گوتی، هێڵەکەیان بۆ ئەورووپا قەدەخەی لەسەرە، بەڵام کاری جدی دەکەن بۆ نەهێشتنی ئاستەنگییەکان و هەڵگرتنی ئەو قەدەخەیە.
هێڵەکە گەشتی بۆ زیاتر لە 40 وڵات هەیە.
لە عێراق و هەرێمی کوردستان شەش فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتی هەن کە بریتین لە فڕۆکەخانەکانى بەغدا، هەولێر، سلێمانى، کەرکووک، نەجەف و بەسرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ