کۆمیسیۆنی عێراق: تاوەکو ئێستا هیچ حیزبێک ناوی بەربژێر و سەرۆک لیستەکانیان پێشکێش نەکردووە

25-06-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سبەی دوا وادەی تۆمارکردنی حیزبەکان و وەرگرتنی ناوی بەربژێرەکانە. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچکام لە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان ناوی بەربژێر و سەرۆک لیستەکانیان پێشکێش نەکردووە.
 
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سبەی دوا وادەیە بۆ پێشکێشکردنی ناوی بەربژێران و سەرۆک لیستەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچکام لە حیزب و هاوپەیمانێتییەکانی هەرێمی کوردستان ناوی بەربژێر و سەرۆک لیستەکانیان پێشکێش نەکردووە."
 
نەبەرد عومەر گوتیشی، "پێشبینی دەکرێت سبەی لە کۆتا کاژێرەکانی دەوامی کۆمیسیۆندا لیستی ناوەکان پێشکێش بکرێن."
 
بەشێکی زۆری حیزبەکان تاوەکو ئێستا بە فەرمی ناوی سەرۆک لیستەکانیان بڵاونەکردووەتەوە. سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە رووداوی گوت "ئوسامە جەمیل، دەبێتە سەرۆکی لیستەکەمان لە بازنەی هەولێر، موسەننا ئەمین، لە (سلێمانی و هەڵەبجە) و جەمال کۆچەر لە دهۆک کراوەتە سەرۆکی لیست."
 
هاوکات، هەژار محەممەد، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی لە هەولێر بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ سەرۆک لیستەکان بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەدراوە و سبەی ناوەکانیان رادەگەیێندرێت."
 
هەریەکە لە پارتی، کۆمەڵ، گۆڕان و حیزبەکانی دیکەش تاوەکو ئێستا بە فەرمی لیستی ناوی بەربژێر و سەرۆک لیستەکانیان بڵاونەکردووەتەوە.
 
بۆ هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمانی عێراق، کە لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 دەکرێت، عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە کراوەتە 18 بازنە، هەر لیست و هاوپەیمانێتییەک بۆى هەیە کە دوو ئەوەندەى ژمارەى کورسیى بازنەکەى بەربژێر لە لیستەکەیدا دابنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."