وەزیرى نەوتى عێراق دەڵێت کۆتایی ئەم ساڵ پێویستیان بە بەنزینی هاوردە نابێت

25-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، یەدەگی ستراتیژیی گازوایل گەیشتووەتە یەک ملیۆن مەتر سێجا و بەرهەمهێنانى بەرهەمە نەوتییەکان 380 هەزار بەرمیل زیادی کردووە. دەشڵێت ئەم ساڵ دەگەنە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی بەنزیندا، بەمەش پێویستیان بە بەنزینی هاوردەکراو نامێنێت.
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوت رایگەیاند، رێژەی وەبەرهێنانی گازی هاوەڵ گەیشتووەتە زیاتر لە 70%، لەکاتێکدا بە گوتەى خۆى کاتى دەستبەکاربوونى لەو وەزارەتە 53% بوو.
 
ئەو گوتانەى حەیان عەبدولغەنی، لە کۆبوونەوەى دەستەی شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی سامانە سرووشتییەکان بوو، کە ئەمڕۆ چوارشەممە25ى حوزەیرانى 2025 لە بەغدا بەڕێوەچوو.
 
وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند بەرهەمە نەوتییەکان 380 هەزار بەرمیل زیادی کردووە گەیشتوونەتە ئەوەى لە نەوتی سپی و گازوایل پێویستى ناوخۆیی پڕبکەنەوە، هەروەها یەدەگی ستراتیژیی گازوایل گەیشتووەتە یەک ملیۆن مەتر سێجا، کە تایبەتە بە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
لە چارەکى یەکەمى ئەم ساڵ، هەناردەى بەرهەمە نەوتییەکانى عێراق زیاتر لە 2.7 ملیۆن تۆن بووە، هەناردەى نەفتا 58% زیادی کردووە. لە کاتێکدا هاوردەى بەرهەمى نەوت، نیو ملیۆن تۆن بووە.  
 
بە گوتەى حەیان عەبدولغەنی بڕی هاوردەکردنی بەنزین بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە. گوتیشی، چەندین پڕۆژەیان هەیە کە لە ئەم ساڵدا تەواو دەبن بۆ گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی بەنزیندا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە