رووداو دیجیتاڵ
قوتابییەکی دیکە، دوای راگەیاندنی ئەنجامی تاقییکردنەوەکانی پۆلی شەشی ئامادەیی لە پارێزگای واست خۆی کوشت. ئەو بووە سێیەم قوتابی تاوەکو ئێستا بەهۆی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانەوە کۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت.
عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای واست، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 25-07-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، قوتابییەکە کچە، لە گەڕەکی جیهادی شاری کوت، لە ناوەندی پارێزگای واست، بەهۆی ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی بە دڵ نەبووە و نمرەی کەمی هێناوە، بەگوتەی خێزانەکەی دوێنێ (چوارشەممە) کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
وا بڵاوکرایەوە ئەو قوتابییە لە رێگەی ژەهرەوە کۆتایی بە ژیانی هێناوە، بەڵام بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی پارێزگای واست دەڵێت 'خۆی هەڵواسیوە.'
ئەوە لەکاتێکدایە لە پارێزگای دیوانیە، قوتابییەکی دیکە کۆتایی بەژیانی هێنا. هەروەها لە ناحیەی فەجەر لە پارێزگای زیقاریش قوتابیێکی دیکە بەهۆی کەوتنی لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشی ئامادەیی خۆی کوشت.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 22-07-2024 ئەنجامی تاقیکردنەوەی پۆلی شەشی ئامادەیی لە عێراق راگەیێندرا.
ئەمساڵ زیاتر لە 650 هەزار قوتابی تاقیکردنەوەی پۆلی شەشی ئامادەییان لە کەرکووک و پارێزگاکانی عێراق کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ