رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، فەرمانی گەڕانەوەی 653 دەرکراوى سیاسیی بۆ خزمەتی حکومی دەرکرد، بەڵام تەنیا سیانیان لە سنووری پارێزگای کەرکووکن.
گەڕاندنەوەی ئەو دەرکراوە سیاسییانە، پێنجشەممە 24ـی تەممووزى 2025 لەلایەن ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بڵاوکرایەوە.
لەو ژمارەیە، سیانیان خەڵکی سنووری کەرکووکن کە دوو ژن و پیاوێکن و گەڕێنراونەتەوە بۆ خزمەتی فەرمی لە وەزارەتەکانى پەروەردە، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
سەباح حەبیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی کەرکووک، بوونی ناوی سێ کەس لەنێو ئەو لیستەدا بۆ پارێزگاکەى بە کەم دەزانێت و بە رووداوی گوت، "لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی بەعس، زۆرترین ئەو فەرمانبەرانەی لە کەرکووک دەرکراون کورد بوون."
بەگوێرەی لیستەکە، زۆرترین دەرکراوى سیاسیی کە گەڕێنراونەتەوە سەر کار، لە پارێزگای واست بوون، کە 259 کەس بوون.
سەباح حەبیب گوتی، "پێشتر مامەڵەی ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووکم وەرگرتووە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس دەرکراون و ناردوومانە بۆ حکومەت، بەڵام ئەوان پێیان راگەیاندین کە وەرگرتنی مامەڵەکان لە ساڵی 2019 راگیراوە، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەگەر لەو کاتەوە وەرگرتنی مامەڵەکان راگیراوە، بۆچی ئێستا گەڕانەوەیان رادەگەیێنرێت؟"
ئەوە پێنجەمین لیستی گەڕانەوەی دەرکراوە سیاسییەکانە کە لەمساڵدا گەڕێندراونەتەوە خزمەتی فەرمی، کە ئەو کەسانە دەگرێتەوە لە سەردەمى دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس بەهۆکارى سیاسیى لە خزمەتى فەرمى دەرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ