رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگرى و ئاسایشى سەر بە وەزارەتى بەرگریی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەندامێکى رێکخراوی داعشیان لە شارى سلێمانى دەستگیرکردووە کە لە چەندین کردەوەى "تیرۆریستى" لە ناحیەى جورفلوسەخر لە پارێزگاى بابل تێوەگلاوە.
رۆژی 24ـی ئابى 2023، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى ئەو ئەندامەى داعشی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوە داوە کە پرۆسەى دەستگیرکردنى بە هاوکاریی ئاسایشى سلێمانى بووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەواڵگرى و ئاسایشى سەر بە وەزارەتى بەرگریی عێراق رایگەیاندووە، ئەو ئەندامەى رێکخراوى داعش لەنێوان ساڵانى 2010 بۆ 2014 لە چەندین کارى "تیرۆریستى" تێوەگلاوە کە لە ناحیەى جورفولسەخر ئەنجامیداوە و لەلایەن داگەى حلەى ناوەندى پارێزگاى بابل و بەگوێرەى مادەى چوارى یاساى بنەبڕکردنى تیرۆر فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکراوە.
مادەى چوارى یاساى بنەبڕکردنى تیرۆر تایبەتە بە بەشداریکردن لە کردەوەی تیرۆریستى و داڵدەدانى تیرۆریستان و سزاکەى لەنێوان بەندکردنی تاهەتای و لەسێدارەدانە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بە دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری دیکەی بەکارهێنان و بازرگانیکردنی بە مادەی هۆشبەر لە بەغدا و موسەننا راگەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ