ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر پابەندییە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کۆدەبێتەوە

25-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سبەی سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و تێیدا راپۆرتێک لەبارەی پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بخرێتەڕوو.
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 25-08-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو بڕگەی نوێ وەک پاشکۆ خراونەتە نێو کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران کە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت.
 
بە گوتەی سەرچاوەکە، هەردوو بڕگەکە لەسەر داوای وەزارەتی دارایی عێراقە، یەکێکیان تایبەتە بە خستنەڕووی پابەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی. بۆ ئەو مەبەستەش، راپۆرتێکی هاوبەش لەلایەن محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان؛ تەیف سامی، وەزیری دارایی و بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان پێشکێش دەکرێت.
 
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە چاوەڕوان دەکرێت سبەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات. 
 
تاوەکو ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی 6ـی ئەم ساڵیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا لە عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگ 8 دەستیپێکردووە.
 
سەرچاوەکەی رووداو ئاماژەی بەوەشکرد، بڕگەکەی دیکەی نێو کارنامەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، تایبەتە بە تاوتوێکردنی رێککەوتنی قەرزی پڕۆژەی وێستگەی کارەبای (132 K.V) بۆ بەستنەوەی کارەبای نێوان عێراق و ئوردن (قۆناخی دووەم)، لەگەڵ کۆمپانیای جەنەراڵ ئێلێکتریک.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."