رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی دەروازەی مەسقا لە موسڵ، هەشت فەرشی شوێنەواری کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی پاشا سەنحاریب دەگەڕێتەوە، دۆزرانەوە.
شوێنەوارناسان دەڵێن، بەگوێرەی ئەو نووسینانەی کە لەسەر فەرشە بەردینەکان نووسراون، مێژوویان بۆ دوو هەزار و 725 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. دەشڵێن، ئەو فەرشانە لە کۆشکی پاشای سەنحاریبەکان بوون، بەڵام لە ساڵی 612ـی پێش زایین لە لایەن شا سین شار ئیسکۆن گواستراونەتەوە بۆ دەروازەی مەسقای ئاشوورییەکان لە نەینەوا.
خەیرەدین ئەحمەد، شوێنەوارناس بە رووداوی گوت، "ئەم شوێنەوارە لەژێر زەوی دۆزراوەتەوە و نیشانەی ئەوەیە کە ئەم بەردانە هی کۆشکی شا سەنحاریبن. نووسینی بسماری و دیمەنی راوکردن لەسەر دیوارەکە نەخشێندراون، هەروەها سوپای ئاشووری، دار و سەوزایی و دۆڵی رافیدەین."
بەگوێرەی مێژوونووسان، ئەو پارچە شوێنەوارییانە لە سەردەمی شا سین شار ئیسکۆن تێکدراون، ئەوەش بۆئەوەی ناوی بە زیندوویی بمێنێتەوە لە دوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری.
فازڵ محەممەد، سەرۆکی لیژنەی نۆژەنکردنەوەی دەروازەی مەسقای شوێنەواری باس لەوە دەکات، "ئەم شوێنەوارە لە سەرەوە لە لایەن یەکێک لە نەوەکانی شا سەنحاریب تێکدراوە تاوەکو بە ناوی ئەو بێت نەوەک هی باپیری، ئەم فەرشەش لە کۆشکی شا سەنحاریب هاتووەتە ئێرە و تایبەتە بە کۆشکی ئەوەوە."
ساڵی رابردوو شوێنەواری نەینەوا بە هاوکاریی لەگەڵ زانکۆی پەنسلڤانیای ئەمریکا و رێکخراوی ئەلیفی جیهانی، دەستی نۆژەنکردنەوە و گەڕان بەدوای شوێنەوارەکانی دەروازەی مەسقا لە موسڵ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ