رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی گوتەبێژی پێنتاگۆن، 10 جار لە عێراق و 3 جار لە سووریا هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەشت رۆژدا.
رۆژی سێشەممە، 24-10-2023، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا باسی ئەو هێرشانەی کرد کە لە چەند رۆژی رابردوودا کراونەتە سەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سووریا. بەگوێرەی گوتەبێژەکە، لەنێوان 17 و 24ـی ئۆکتۆبەردا، پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق 10 جار و لە سووریا 3 جار بە مووشەک و درۆن هێرشیان کراوەتە سەر، بەڵام گوتیشی، "ئەوانە ژمارەی تەواو نین و لەوانەیە زۆر لەوە زیاتر بێت. چاوەڕێی فەرماندەیی ناوەندی دەکەین تا ژمارەی دروستمان پێ بڵێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئێران لەو 13 هێرشە بەرپرسە کە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا ئەنجامدراون؟ پات رایدەر گوتی، "ئێمە دەزانین ئەو گرووپانەی ئەو هێرشانەیان ئەنجامداوە لەلایەن سوپای پاسداران و رژێمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەکمان نییە کە ئێران راستەوخۆ گوتبێتی بڕۆن و هێرشبکەن. سەرەڕای ئەوە، ئێران پاڵپشتییان دەکات، کەواتە ئێمە ئێران بە بەرپرسی ئەو هێرشانە دەزانین؛ بۆیە دەمەوێت ئەوە بڵێم کە هەرکات پێویست بکات بەرگری دەکەین و درێخی ناکەین."
لە کۆتایی ساڵی 2021ـدا عێراق رایگەیاند، ئەرکی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە وڵاتەکەی کۆتاییهاتووە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گۆڕاوە بۆ راوێژدان و مەشقپێکردنی هێزە نێوخۆییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و هەزار سەربازی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە ژمارەیەک بنکەی سەربازی و ئاسمانیی عێراق و هەرێمی کوردستانن، لەوانەش عەین ئەسەد لە ئەنبار، ڤیکتۆریا لە بەغدا و فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر لە هەولێر.
هاوکات نزیکەی 900 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی ئەمریکی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و ناوچەی تەنەف لە سووریا هەن.
هەروەها، پات رایدەر بە گرنگییەوە باسی پاراستنی هێز و سەربازەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا کرد و گوتی، "ئێمە پێشتر ژمارەیەکی بەرچاو لە توانا سەربازییە زیادەکانی ئەمریکامان لە ناوچەکەدا جێگیرکردووە بۆ بەهێزکردنی هەوڵەکانی رێگریکردن و وەڵامدانەوەی خێرا و بەرزکردنەوەی تواناکانمان بۆ بەرپەرچدانەوەی کۆمەڵێک دۆخی لەناکاو."
پات رایدەر گوتی، "بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی ئەو شتەی کە پێویستە بیکەین بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە هێزەکانمان و گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی پێویست"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "کەس نایەوێت ململانێیەکی هەرێمیی فراوانتر ببینێت، بەڵام لە پاراستنی هێزەکانمان درێخی ناکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ