رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەى داهاتوو راپۆرتى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەبارەى چارەسەرکردنى کێشەى بودجە لەنێوان هەولێر و بەغدا ئامادە بکرێت، کە بە گوتەى یەکێک لە ئەندامانى لیژنەکە، جیاکردنەوەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە تێکڕاى پارەکانى دیکەى پشکەکەى یەکێک دەبێت لە راسپاردەکان.
رۆژی 25ى تشرینى یەکەمى 2023 د. نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیارە هەفتەی داهاتوو راپۆرتى لیژنەکەیان لەبارەى کێشەکانى پشکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى لەلایەن راوێژکارانى لیژنەکە ئامادە بکرێت بۆئەوەى لە لیژنەى دارایی گفتوگۆى لەسەر بکرێت و دەنگى لەسەر بدرێت، بەر لەوەى بەرزبکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمان.
ئامادەکردنى ئەو راپۆرتە لەدواى ئەو سەردانە بوو، کە شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە 18ى تشرینى یەکەم بە یاوەریى ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی و ئابوورى بۆ بەغدا کردیان و لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەگەڵ تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق گفتوگۆیان لەسەر ئەو بەربەستانە کرد کە لەبەردەم ناردنى پشکى هەرێمى کوردستانن لە بودجەى گشتى.
د. نەرمین مەعرووف گوتى، "راسپاردەى سەرەکیى ئەو راپۆرتە، جیاکردنەوەى مووچەى فەرمانبەرانە لە کێشەکانى دیکەى بودجە و هەموارکردنى بەشێک لە بڕگەکانى یاساى بودجەیە، بەتایبەت ئەوانەى پەیوەندیدارن بە دیاریکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەى راستەقینە."
رۆژی 9ی ئەیلوولی 2023 محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق فەرمانی بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرد لەگەڵ وەزیرانى دارایی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى داهاتى نەوت و پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەى گشتیدا.
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەش دا، کۆتایی هەفتەى داهاتوو وەرزى یاسادانانى پەرلەمان تەواو دەبێت، کە ئەگەر درێژنەکرێتەوە، ئەو پرسە دەکەوێتە مانگى کانوونى دووەمى 2024.
بەپێى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، دیاریکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى خەرجیى راستەقینەى پارێزگاکانى دیکەى عێراقە، بە جیاکردنەوەى 12.67%ى ئەو خەرجییانە، نەک هەمان رێژەى لە تێکڕاى پارەى بودجە، کە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە.
لە سەرەتاى ئەمساڵەوە بەغدا بە چەند گوژمەیەک سێ تریلیۆن و 298 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە؛ بڕیارە ئەم مانگە و مانگی داهاتووش یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینارى دیکە بە قەرز بداتە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ