رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی شەممە، یەکەیەکی "ستراتیجیی" نوێی لە پاڵاوگەی شوعەیبە لە پارێزگای بەسرە کردەوە و رایگەیاند، بەهۆی "پڕۆژە ستراتیجییەکان"ی بواری نەوتەوە، عێراق لە وڵاتێکی هاوردەکارەوە دەبێتە "هەناردەکاری بەرهەمە نەوتییەکان"، ئەمەش ساڵانە ملیاران دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت پاشەکەوت دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکە نوێیەکە کە بە FCC ناسراوە، توانای بەرهەمهێنانی 107 هەزار بەرمیل بەرهەمی سووکی وەک بەنزین و بەرهەمەکانی دیکەی لە رۆژێکدا هەیە. یەکەکە "نەوتی رەش" واتە پاشماوەی قورسی پاڵاوتن وەردەگرێت و دەیکاتە بەرهەمی بەهابەرزی وەک بەنزینی ئۆکتان بەرز و گازوایل، کە بەهای ساڵانەی بەرهەمەکانی دەگاتە زیاتر لە 1.6 تریلیۆن دینار.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا رایگەیاند، حکومەتەکەی ئامانجیەتی تاوەکو ساڵی 2030، رێژەی 40%ی ئەو نەوتەی عێراق هەناردەی دەکات، بیکاتە بەرهەمی بەهابەرز. گوتیشی کردنەوەی ئەم پڕۆژەیە "وەرچەرخانێکی مێژووییە" لە پیشەسازیی نەوتی عێراقدا.
سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد: "پلانەکەمان 4 ملیار دۆلار پاشەکەوت دەکات، کە بۆ هاوردەکردنی غاز تەرخانکرابوو، هەروەها 6 تریلیۆن دیناریش پاشەکەوت دەکات، کە بۆ هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان خەرج دەکرا."
سوودانی رەخنەی لە حکومەتەکانی پێشوو گرت، کە بۆ ماوەی "دوو دەیە کەرتی پاڵاوتنیان پشتگوێخستبوو". هەروەها رایگەیاند، پاڵاوگەی وەبەرهێنانی فاو، کە تواناکەی 300 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، "لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا" دەکەوێتەکار.
پڕۆژەی پاڵاوگەی شوعەیبە بە ستانداردی ژینگەدۆستیی (یۆرۆ 5) جێبەجێ کراوە و بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای هیۆندای کۆریای باشوور و ئاژانسی جایکای ژاپۆنی کاری لەسەر کراوە.
عێراق لەدوای سعودیە، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپیک و رۆژانە نزیکەی 4.4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و لەو بڕەش نزیکەی 3.3 ملیۆنی هەناردە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ