راپرسییەک لە دیالە: یەکێتی کورسییەک لە دیالە بەدەست دەهێنێت

25-10-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی راپرسییەک لە پارێزگای دیالە رێکخراوی بەدر سێ کورسی و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کورسییەک بەدەستهێنێت. بەربژێرێکی یەکێتی دەڵێت: "کورسییەکمان لە دیالە مسۆگەرە و هەوڵی بەدەستهێنانی کورسی دووەم دەدەین."
 
سەنتەری نیشتمانی بۆ کاروباری هەڵبژاردن، کە خۆی وەکو سەنتەرێکی خۆبەخش و سەربەخۆ دەناسێنیت، ئەنجامی راپرسییەکی لە پارێزگای دیالە بڵاوکردەوە. راپرسییەکە لەسەر بنەمای چاوپێکەوتنی رووبەڕوو لەگەڵ خەڵک و چالاکڤانان و لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کراوە، ئاماژەیەکی سەرەتایی بە نەخشەی نوێنەرایەتیی پەرلەمانی لە پارێزگاکەدا داوە.
 
وردەکاریی راپرسییەکە و دابەشبوونی دەنگەکان
 
سەنتەرەکە رایگەیاندووە، راپرسییەکە 700 بەشداربووی لەخۆگرتووە، 550یان پیاو و 150یان ژن بوون، زۆربەی بەشداربووان پێشبینییان کردووە هێزە سیاسییەکان رێژەیەکی نزیک لە یەکدی دەنگ بەدەستبهێنن.
 
ژمارەی کورسییەکانی پارێزگای دیالە لە پەرلەمانی عێراق 14 کورسییە، کە 4 کورسییان بۆ کۆتای ژنانە. 
 
دابەشبوونی کورسییەکان بەپێی راپرسییەکە
 
بەگوێرەی راپرسییەکە، رێکخراوی بەدر 3 کورسی، تەقەدووم و عەزم و حیکمە هەر یەکەیان 2 کورسی، هەروەها دەوڵەتی یاسا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێزە مەدەنییەکان، عەسائیب، سەربەخۆکان و هێزە تورکمانەکان هەر یەکەیان یەک کورسی بەدەستدەهێنن، بەمشێوەیە 14 کورسییەکەی دیالە بەسەر 9 لیست و لایەندا دابەش دەبێ.
 
سۆران مەنسوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق  و بەربژێری ژمارە 24ـی یەکێتی لە پارێزگای دیالە ئەمڕۆ شەممە 25-10-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، یەکێتی لە پارێزگای دیالە کورسییەکی مسۆگەرە و هەوڵی بەدەستهێنانی کورسی دووەم دەدات."
 
ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین رۆژی 4-10-2025 بە رووداوی راگەیاند: "لە سنووری ناوچە کوردستانییەکانی دیالە زیاتر لە 10 هەزار دەنگمان هەیە و دڵنیان بەشداری کارای خەڵک دەمانکاتە خاوەنی کورسییەک لە سنووری پارێزگاکە".
 
رەخنە لە پرۆسەی هەڵبژاردن
 
بەشداربووان، لە پێشبینییەکانیاندا پشتیان بەوە بەستووە بە "تێگەیشتنی واقیعییانە" بۆ دۆخی دەنگدەران لە دیالە ناویان بردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە فرەچەشنیی کۆمەڵایەتی لە پارێزگاکەدا بوارێکی فراوانتر بۆ دابەشبوونی کورسییەکان دەڕەخسێنێت.
 
بەشێکی زۆری بەشداربووان، بە رێژەی نزیکەی 39%، متمانەیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن نەبووە، نیگەرانیی خۆیان لە ئەنجامەکان دەربڕیوە، هەروەها داوای گۆڕینی نوێنەرانی ئێستای دیالەیان لە پەرلەمان کردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ماوەی رابردوودا ئاستێکی باشیان نەبووە.
 
دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان لە دیالە بەگوێرەی راپرسییەکە:
 
- بەدر: 3 کورسی
- حیکمە: 2 کورسی
- تەقەدووم: 2 کورسی
- عەزم: 2 کورسی
- دەوڵەتی یاسا: 1 کورسی
- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 1 کورسی
- هێزە مەدەنییەکان: 1 کورسی
- بزووتنەوەی عەسائیب: 1 کورسی
- سەربەخۆکان و هێزە تورکمانەکان: 1 کورسی
 
پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320 کورسی بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراون و 9 کورسیش بۆ کۆتای پێکهاتەکان تەرخانکراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە