رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ دووکەڵێکی چڕ ئاسمانی بەغدای داپۆشی و کواڵیتیی هەوای گەیاندە ئاستی "مۆر" (زۆر مەترسیدار). لەوبارەوە وەزارەتی ژینگەی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، چەندین خاڵی سووتاندنیان لە دەوروبەری بەغدا دەستنیشان کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025 وەزارەتی ژینگەی عێراق هۆشداریی دا لە هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک لەلایەن دەزگا جێبەجێکارەکانەوە بۆ رێگریکردن لەو چالاکییە پیشەسازییانەی شەوانە بۆ سووتاندنی نایاسایی لە دەوروبەری بەغدا ئەنجام دەدرێن و گوتی، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە چاودێرییەکانیان چڕ کردووەتەوە.
بەگوێرەی روونکردنەوەکە، "بەدواداچوونی مەیدانیی تیمەکان و وێنەی مانگە دەستکردەکان، بوونی چەندین شوێنی سووتاندنی لە دەوروبەری بەغدا ئاشکرا کردووە، بەتایبەت لە ناوچەی سەربازگەی رەشید، بۆیە تیمەکان راسپێردراون رێکاری یاسایی و دادوەری دژی سەرپێچیکاران بگرنەبەر."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بە هاوئاهەنگیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، هەڵمەتەکانیان بووەتە هۆی لابردن و راگرتنی سەدان کوورەی تواندنەوە و کارگەی خشت و قیر، جگە لە چاودێریکردنی مۆلیدەکان و جۆری سووتەمەنییەکەیان.
سەبارەت بە هۆکاری مانەوەی دووکەڵەکە، وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێ، دیاردەی کەشناسیی "پێچەوانەبوونەوەی گەرما" وایکردووە پیسییەکە لە نزیک رووی زەوی قەتیس بمێنێتەوە و بڵاونەبێتەوە، ئەمەش وایکردووە دیمەنەکە بەو شێوەیە دەربکەوێت.
وەزارەتەکە داوای لە وەزارەتی نەوت، ئەمینداریەتیی بەغدا، یەکێتیی پیشەسازییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، پەلە بکەن لە گۆڕینی سیستمی سووتاندنی کارگە بچووک و مامناوەندەکان و سوود لەو قەرزانە وەربگرن کە بە هاوئەهەنگیی بانکی ناوەندی دابین دەکرێن.
بەیانیی ئەمڕۆ، دانیشتووانی بەغدا بە ئاسمانێکی پڕ لە دووکەڵ خەبەریان بووەوە. سادق عەتییە، شارەزای کەشناسی رایگەیاند، پێنوێنی کواڵیتیی هەوا گەیشتووەتە رەنگی "مۆر" کە نیشانەی پیسبوونی مەترسیدارە.
بەگوێرەی پلاتفۆرمی جیهانیی IQAir، بەغدا پلەی دووەمی لەنێو پیسترین شارەکانی جیهان گرتووە و پێنوێنی کواڵیتیی هەواکەی گەیشتووەتە 150 خاڵ کە بۆ منداڵان، بەساڵاچووان و تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسە مەترسیدارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ