رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵای 13 کەسی رەتکردەوە دژی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش رایگەیاند، "لەو تۆمارەی بۆ پارێزگاکەیان داناوە، مادەی 140 لەبەرچاو گیراوە."
دانیشتنی دادگە لەبارەی ئەو سکاڵایەوە ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجامدرا، کە 13 هاووڵاتیی کەرکووک لە دژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تۆماریان کردبوو.
سکاڵاکاران داوایان کردبوو، کۆمیسیۆن ناچار بکرێت بە تەواوکردنی رێکارەکانی وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک و پشتبەستن بە کارتی نیشتمانی لەبری بایۆمەتری بۆ دەنگدان، تاوەکو ئەو وردبینییە تەواو دەبێت.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی لە پسپۆڕیی ئەو دادگایەدا نییە.
22ی تشرینی یەکەمی 2025 ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری دا لە کەرکووک کار بەو تۆمارەی دەنگدان بکرێت، کە کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن ئامادەی کردووە و پرۆسەی وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە بەردەوام دەبێت، کە پێشتر لە یاسای هەڵبژاردندا هاتووە، کە پشت بە تۆماری ساڵی 1957 ببەسترێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو تۆمارەی دەنگدەران لە کەرکووک لەسەر بنەمای بەڵگەنامە فەرمییەکان بووە، مادەی 140ی دەستوور و هەموو ئەو یاسا و رێنوێنییانەی تێدا لەبەرچاو گیراوە، کە لەو بارەیەوە دەرچوون."
بەگوێرەی مادەی 13ی هەموارکراوی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، وردبینیی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک لەسەر بنەمای ئەو هاووڵاتییانە دەبێت، کە لە سەرژمێریی 1957 تۆمار کراون، جگە لە هەردوو ناحیەی زاب و سەرگەڕان، هەروەها ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە و وردبینیی لیژنەی مادەی 140یان تێپەڕاندووە، لەگەڵ ئەو هاووڵاتییانەی بەر لە ساڵی 2003 دانیشتووی کەرکووک بوون و دەبێت ئەوە لە رێگەی کۆبۆنی خۆراکەوە بسەلمێندرێت.
عیماد جەمیل گوتی، "بەگوێرەی رێکارەکانی کۆمیسیۆن، لەدوای تەواوبوونی تۆماری دەنگدەران، 5 رۆژ لەبەردەستە بۆئەوەی هەر تانەیەک هەیە لەو تۆمارە پێشکێش بکرێت، بەڵام لەو ماوەیەدا هیچ تانەیەک لە تۆماری دەنگدەران نەدراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ