دەستپاکیی عێراق: 2.5 تریلیۆن دینارەکەی چاودێریی کۆمەڵایەتی نەدزراوە و لە هەژماری خۆیدایە

25-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەستپاکیی عێراق لەبارەی دەنگۆی دیارنەمانی دوو تریلیۆن و 500 ملیار دیناری سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی روونکردنەوە دەدات و رایدەگەیێنێت، دوای بەدواداچوون و وردبینی، دەرکەوتووە کە تەواوی پارەکە لە هەژماری خۆیدایە و هیچ بڕێکی لێ نەبراوە.
 
لە راگەیێندراوێکدا دەستەی دەستپاکی ئەنجامی کاری ئەو تیمەی بڵاوکردەوە، کە دوای بڵاوبوونەوەی زانیاری لەبارەی گومانی دیارنەمانی بڕی 2.5 تریلیۆن دینار لە هەژمارەکانی سندووقی چاودێریی کۆمەڵایەتی پێکهێندرابوو.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، تیمەکە بە وردی پێداچوونەوەی بە بەڵگەنامە و رێکارە داراییەکانی نێوان وەزارەتەکانی دارایی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بانکی رافیدەین و دیوانی چاودێریی دارایی دا کردووە، بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی هەژمارەکە.
 
دەستەکە رایگەیاندووە، "ئەنجامەکان بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و روون دەریانخست، ئەو بڕە پارەیەی گومانی لەسەر بوو، ماوە و نە راکێشراوە، نە خەرجکراوە و نە گوازراوەتەوە، بەڵکو لە هەژماری ژمارە (568)ی تایبەت بە دەستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی/ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دانراوە."
 
لێکۆڵینەوەکان ئەوەشیان سەلماندووە، کە باڵانسی هەژمارەکە لەژێر رێکاری وردی چاودێریدایە، بەمەبەستی جیاکردنەوەی ئەو پارەیەی لە وەزارەتی داراییەوە دێت، لەگەڵ ئەو داهاتانەی بۆ خودی وەزارەتی کار بەدەست دێت.
 
بەڵام سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رووداوی گوت، "بەوپێیەی دۆخی دارایی وڵات ناجێگیرە، بۆیە پێدەچێت ئەو پارەیە بۆ دابینکردنی مووچەی وەزارەتەکانی دیکە راکێشرابێت."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 22ی ئەم مانگە، وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى رایگەیاند؛ پارەى نێو ئەو سندووقە لەلایەن وەزارەتى داراییەوە راکێشراوە، بەڵام رۆژێک دواتر وەزارەتى دارایی لە روونکردنەوەیەکدا رەتیکردەوە پارەکەى راکێشابێت، بەڵکو هەژمارە بانکییەکەى سڕ کردووە بە هۆى ئەوەى "بۆ مەبەستى دیکە بەکارهاتووە."
 
ئەو سندووقە تایبەتە بە پارەى مووچەى سوودمەندانى تۆڕى کۆمەڵایەتى، بەڵام وەزارەتى دارایى عێراق ئاماژەی بەوە کردبوو، "سندووقەکە پارەى دیکەى تێکراوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە