پۆلیسی بەغدا پیاوێک بە تۆمەتی سووتاندنی هاوژین و سێ منداڵەکەی دەستگیردەکات

25-12-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی بەغدای پایتەختی عێراق، پیاوێک دەستگیردەکات کە تۆمەتبارە بە سووتاندنی هاوژن و سێ منداڵەکەی. پۆلیس دەڵێت، "پیاوەکە دانی بە تاواناکەدا ناوە."
 
فەرماندەیی پۆلیسی کەرخ لە بەغدا، ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، زانیارییان پێگەیشت کە خانوویەک ئاگری گرتووە و ژنێک و سێ منداڵی تێدابووە و بەهۆیەوە سووتاون.
 
فەرماندەیی پۆلیسی کەرخ دەڵێت، "دوای گەڕان و کۆکردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی هۆکاری ئاگرەکە، بۆیان دەرکەوت، پیاوەکە خۆی خانووەکەی سووتاندووە کە هاوژین و سێ منداڵی تێدابووە"، دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادگە، پیاوەکە دەستگیرکراوە و لە لێکۆڵینەوەدا دانی بەوەداناوە خۆی ئەو کارەی کردووە.
 
فەرماندەیی پۆلیسی کەرخ جەخت لەوە دەکاتەوە، قسەکانی تۆمەتبارەکە نووسراوەتەوە، "دۆسیەکەی رەوانەی دادگە کراوە، بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆی وەربگرن."
 
هەروەها لە رووداوێکی دیکەدا، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی بەغدا، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئۆفیسی بەرەنگاربوونەوەی دزینی ئۆتۆمبێل لە رەسافە لە ناوچەی شەقامی فەڵەستین لە نێوەڕاستی بەغدا تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد و دەستیان گرت بەسەر ئۆتۆمبێڵێکی دزراوی جۆری سوپەر مۆدێل 1985.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئێوارەی یەکشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، چوار مانگ لەمەوبەر لە پارێزگای میسان ژنێک کوژرا بوو، تازە بکەرەکەیان دەستگیردووە، لە لێکۆڵینەوەکان دانی بەوەداناوە ماڵی لە نزیک ماڵیان بووە، ناکۆکی و کێشەی کۆمەڵایەتی لەگەڵی هەبووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە