لێدوانی تەیف سامی لەبارەی ناردنی مووچە: پەیوەستە بە رادەستکردنى ناوى فەرمانبەرانەوە

26-02-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاند، بۆ ناردنى مووچەى ئەم مانگەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان مەرجى ناردنى ناوى فەرمانبەرانیان هەیە و بۆ مانگەکانى داهاتووش دەبێت هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران جێگیربکرێت. 
 
رۆژی دووشەممە، 26ـی شوباتى 2024، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاند،  ناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لەم مانگەدا پەیوەستە بە رادەستکردنى ناوى فەرمانبەرانەوە.
 
میدیاى فەرمى عێراق دەڵێت، تەیف سامى لە کۆبوونەوەى لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوەشداوە، کە مەرجیان بۆ ناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بۆ مانگەکانی داهاتوو ئەوەیە کە هەژماری بانکیان بۆ جێگیر بکرێت. 
 
بە گوێرەى ئەو بڕیارەکەی دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق کە لە 22ـی شوبات دەریکرد، بۆ ناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەبێت هەژماری بانکی لە بانکە باوەڕپێکراوەکان جێگیر بکرێت، لەو رێگەیەشەوە وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى مووچەکانیان بۆ خەرج دەکات.
 
تەیف سامى ئاماژەى بەوەشدا کە بەم نزیکانە خشتەى بودجەى 2024 رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران دەکەن بۆ ئەوەى پەسەندى بکەن دواتر رەوانەى پەرلەمانى بکەن.
 
وەزیرى دارایی عێراق رایگەیاندووە، کە مووچەى فەرمانبەران بۆ ساڵى 2024 بە "تەواوەتى" گەرەنتی کراوە.
 
لە ئەمساڵدا حکومەتى فیدراڵى یەکجار گوژمەیەکى 618 ملیار دینارى وەک پشکى هەرێمى کوردستان ناردووە، لەکاتێکدا بڕى پارەى پێویست بۆ مووچە نزیکەى 900 ملیار دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە