مادەیەکی یاسای باری کەسیی عێراق لە بەرژەوەندیی باوکان هەموار دەکرێتەوە

26-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی عێراق، سەرقاڵە مادەیەک لە یاسای باری کەسی هەموار بکاتەوە، بۆ ئەوەی ماف بە باوک بدات لە دوای جیابوونەوە لە هاوژینەکەی منداڵی لا بمێنێتەوە.
 
سروە محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 26ی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە عێراق زۆر پیاو هەن دوای جیابوونەوە لە هاوژینەکانیان گرفتی بینین و لەخۆگرتنی منداڵەکانیان هەیە". 
 
ئەمڕۆ لیژنەکە لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەرگریکارانی هەموارکردنەوەی مادەی 57ی یاسای باری کەسی عێراق کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی لەخۆگرتنی منداڵان لەکاتی جیابوونەوەی هاوژینان و هەڵوەشانەوەی بڕیاری ژمارە 211ی ساڵی 1984 ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی هەڵوەشاوە کرد کە باس لەوەدەکات هاوژینان دوای جیابوونەوە، دەتوانن منداڵەکانیان لە بارەگایەکی یەکێتی گشتیی ئافرەتانی عێراق ببینن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی چۆنییەتی گەڵاڵەکردنی پێشنیازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی منداڵ، لەخۆگرتن و پاراستنی مافی دایک و باوک لە چاودێرییکردنی منداڵان بکات.  
 
شاندەکە پێشنیازەکانیان خستەڕوو، داوایان کرد دادپەروەریی بۆ باوک فەراهەم بکرێت، ئەوەش لە رێگەی هەموارکردنی مادەی 57ی یاسای باری کەسی کە ماوەیەکی دوورودرێژە داڕێژراوە، ئێستا پێویستە بەشێوەیەک هەموار بکرێتەوە لەگەڵ شەرع و رێککەوتنامەی نێودەوڵەتیی مافی منداڵان بگونجێت. 
 
جێگری سەرۆکی لیژنەی ژنان و خێزان و منداڵان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، داواکارییەکی زۆری باوکانیان بەدەستگەیشتووە، بەوەی ئەوانیش وەک ژنان دوای جیابوونەوە، بتوانن منداڵەکانیان بۆ ماوەیەک لەلابێت، نەک تەنیا لای ژنەکە بێت. 
 
بەپێی مادەی 57 لە دوای جیابوونەوە منداڵ لای دایکی دەبێت، باوکەکە دەتوانێت ماوە ماوە بۆ چەند کاژێرێک منداڵەکەی ببینێت.
 
بەپێی بڕیاری ژمارە 211ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە، باوکێک دەتوانێت وادەیەک لەگەڵ دایکەکە دیاری بکات تاوەکو منداڵەکەی لە بارەگایەکی یەکێتیی گشتی ئافرەتان ببێنێت کە ئێستا ئەو یەکێتییە نەماوە. 
 
سروە محەممەد، جەخت لەوە دەکاتەوە، تەواوی هەوڵەکانیان خستووەگەڕ بۆ هەموارکردنی ئەو مادەیە، تاوەکو ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت. لە هەرێمی کوردستان ئەو مادەیە هەموارکراوەتەوە، بەشێوەیەک کە پیاوان دەتوانن بۆ ماوەی 24 کاژێر منداڵەکانیان لەلابێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە