دانەوەی پاشەکەوت و هەڕەشەکردن لە کوردستان بە دادگەی فیدراڵی لە گۆڕانکارییەکانی رەشنووسی بودجەن

26-05-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دانەوەى پاشەکەوتى مووچە، رێگرى لە دەرهێنانى نەوتى کەرکووک و نەینەوا، دەرفەتدان بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى پشکەکانیان لە بەغدا، دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەن کە لە مادەکانى تایبەت بە پشکەکەیدا کراون لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراقدا، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنى نەوتەکەى بە کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی و بەڕێوەبردنى دەروازە سنوورییەکان بە هاوبەشی.
    
ئەو گۆڕانکارییانە لە 25ى ئایاری 2023 لە لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بەبێ ئامادەبوونى ئەندامانى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان دەنگى لەسەر درا کە هەردوو مادەى 13 و 14 ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى گرتەوە. هەردوو مادەکە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان و چەند گۆڕانکارییەکیان تێدا کرا و چەند بڕگەیەکیان بۆ زیاد کرا، کە لەسەر پێشنیازى فراکسیۆنى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و چەند پەرلەمانتارێکى شیعەى نێو لیژنەى دارایی بوو.  
 
لە خاڵى یەکەمى بڕگەى دووەمی مادەی 13، ناوى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) زیادکراوە، لە برى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەک لایەنى بەرپرس لە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە لە داڕشتەى پێشوودا هەبوو، ئەوە جگە لەوەى دەسەڵاتى بە کۆمپانیاکە داوە بە بەکارھێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ پێداویستى نێوخۆ لەلایەن ئەو پاڵاوتگانەى کە وەزارەتى نەوت گرێبەستى لەگەڵدا کردوون.
 
هەروەها  لە خاڵى سێیەمى بڕگەى دووەمى ماددەکەدا دەستەواژەیەکى دیکە زیاد کراوە کە ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان بەستراوەتەوە بە پەیوەستبوونى دوو خاڵى یەکەم و دووەمى بڕگەى دووەمى مادەى 13.
 
گۆڕانکارییەکى دیکە کە کراوە، ماوەى دانەوەى قەرزەکانى بانکى بازرگانیى عێراق و بانکە نێوخۆییەکانى دیکەیە لەسەر هەرێمى کوردستان، کە لە حەوت ساڵەوە کەمکراوەتەوە بۆ پێنج ساڵ، ئەو قەرزە لە پشکى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت.
 
لە بڕگەى یەکەمى مادەی 14دا ئەوە زیاد کراوە کە هەژمارى بانکیی داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان لە بانکى ناوەندى دەبێت و لە برى سەرۆکوەزیرانى عێراق، وەزیرى دارایی حکومەتى عێراقى دەسەڵاتى پێدراوە بۆ ئەوەى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان سەرپشک بکات بە خەرجکردنى پارەکە، لەکاتێکدا پێشتر ئەو دەسەڵاتە لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە دەدرایە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
 
لەبڕگەى دووەمى ماددەکەدا ئەرکى وردبینیکردنى لە هەژمارى بانکى داهاتی نەوتى هەرێمى کوردستان بە دیوانى چاودێرى دارایی و وەزارەتى نەوتى عێراق بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێرى دارایی و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان سپێردراوە. ئەگەر بەو شێوەیە ئەو کارە نەکرا پاشان پەنا بۆ کۆمپانیایەکى تایبەتمەندى نێودەڵەتى ببەن لەکاتێکدا داڕشتەى پێشووى مادەکە راستەوخۆ کۆمپانیا بیانیەکەى بۆ وردبینی سەرپشک کردبوو.
 
لە بڕگەى چوارەمى ماددەکەدا دەستەواژەى وردبینی خشتەى زانیارى مانگانە زیادکراوە، بۆ  هەژمارە بانکییەکە لەکاتێکدا کە لەداڕشتەى پێشووى خشتەى زانیارى ساڵانە و نیو ساڵى تێدا بوو.
 
بڕگەیەک بۆ پڕۆژەیاساکە زیاد کراوە کە پێشتر لە پڕۆژە یاساکەدا نەبووە، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیوەست بکرێت بەوەى ژمارەى فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازى و پلە وەزیفییە پڕکراوە و بەتاڵەکانیان رادەستى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى بکات.
 
لەبڕگەى هەشتەمدا ئەوە زیاد کراوە کە ئەگەر ناکۆکى کەوتە نێوانیان  لەبارەى پابەندبوونەکانیان دەبێت لە ماوەى 15 رۆژدا کێشەکانیان چارەسەر بکەن ئەگەرنا ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان رادەگیرێت و کار بە بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى دەکرێت لەکاتێکدا لە داڕشتەى پێشوو ئاماژە بەوەدراوە کە ئەگەر ناکۆکى روویدا لیژنەیەکى هاوبەشی نێوانیان لە ماوەى 30 رۆژدا راپۆرتێک لەبارەوە بداتە سەرۆکوەزیران ئەو بڕیارى لەبارەیەوە بدات.
 
بڕگەیەکى دیکە لە مادەى 14 زیاد کراوە بەوەى دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشینەى کارەکانى بۆ خەرجکردنى پشکەکەى بۆ مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان بێت و دادپەوەروەرانە شایستەى دارایی پارێزگاکانى دابەش بکات، بەپێچەوانەوە ئەو پارێزگایەى هەرێمى کوردستان کە ناقایلە لە پشکەکەى و تانەى لێدەگرێت، پارەکەى لە پشکى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت و بەشێوەیەکى راستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاکە.
 
هەروەها بڕگەیەکى دیکە بۆ مادەى 14 زیاد کراوە بەوەى هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى ناچار دەکرێن بە پابەندبوون بە رێگرى لە دەرهێنانى نەوت لە کێڵگە نەوتىیەکانی کەرکووک و نەینەوا لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە.
 
یەکێکى دیکە لە بڕگە زیادکراوەکان ئەوەیە کە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵى بە هاوبەشی دەروازە سنوورییەکان بەڕێوەببەن.
 
دوایین بڕگە کە بۆ مادەى 14 زیاد کراوە ئەوەیە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبێت پەیوەست بێت بەوەى مانگانە 10%ى مووچەى پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران بداتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە