رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لە عێراق بە تۆمەتى بەقاچاخبردنى پارە دەستگیر دەکرێن، یەکێکیان ویستویەتى 250 ملیۆن دینار بە قاچاخ بباتە دەرەوەى وڵات و ئەوى دیکەیان هەوڵى داوە نزیکەى پێنج ملیۆن دینارى ساختە لە ئێرانەوە دەربازى عێراق بکات.
دووشەممە، 26ى ئایارى 2025، عەلائەدین قەیسى، گوتەبێژى دەستەى دەروازە سنوورییەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، کەسێک لە دەروازەى سنوورى تڕێبڵ دەستگیر کراوە، کە ویستویەتى 250 ملیۆن دنیار بەقاچاخ بباتە ئوردن.
دەروازەى تڕێبڵ لە سنوورى پارێزگاى ئەنبارە لەگەڵ وڵاتى ئوردن، ئەو بڕە پارەیە لەلایەن پۆلیسى گومرگیی دەروازەکە دەستى بەسەردا گیراوە.
عەلائەدین قەیسى گوتى: "ئەو کەسە بەشێوەیەکى لێزانانە ئەو بڕە پارەیەى لە رووپۆشى بزوێنەرى ئۆتۆمبێلەکەیدا شاردووەتەوە".
سزاى بە قاچاخبردنى دراو لە عێراق بەندکردن و دەستگرتنە بەسەر ئەو بڕە پارەیەى هەوڵى بە قاچاخبردنى داوە.
هەر ئەمڕۆ فەرماندەیی پاراستنى سنوورى عێراق لە راگەیێنراوێکدا دەستگیرکردنى کەسێکى راگەیاند کە ویستوویەتى پارەى ساختە دەربازى عێراق بکات.
ئەو کەسە لەلایەن هێزەکانى پاراستنى سنوور لە ناوچەى چوار دەستگیر کراوە کە رۆژهەڵاتى نێوەڕاستى عێراق دەگرێتەوە و هاو سنوورە لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێران.
فەرماندەیی پاسەوانى سنوور ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو کەسە ویستوویەتى چوار ملیۆن و 900 هەزار دینارى ساختەى جۆرى 25 هەزاردینارى دەربازى عێراق بکات.
سزاى هەڵگرتن یان بازرگانیکردن بە پارەى ساختە لە عێراق دەگاتە پێنج ساڵ بەندکردن و سزاى پێبژاردنى 50 ملیۆن دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ