سوودانی و عەتوانی خشتەی بودجە تاوتوێ دەکەن

26-05-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دوایین ئامادەکارییەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2025 تاوتوێ دەکەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26ی ئایاری 2025، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پێشوازیی کرد لە عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمان.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا تاوتوێی دوایین ئامادەکارییەکانی ئامادەکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2025 و رێکار و پلانەکانی مسۆگەرکردنی دابینکردنی مووچە و خەرجییەکان کرا، بەپێی کەرت و چالاکییەکان لە ماوەی ئەمساڵدا.
 
سوودانی جەختی لەوەکردەوە، حکومەت بە پەرۆشە بودجەکە کارە لەپێشینەکانی خۆی لە جێبەجێکردنی خشتەکانیدا لەخۆ بگرێت بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی بەرنامەی حکومەت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و تەواوکردنی پڕۆژەکان، بۆ بەدیهێنانی خواستی هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق. 
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 25ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێشتا حکومەتی عێراق خشتەی بودجەی 2025ی رەوانەی پەرلەمان نەکردووە و لە بەدواداچوونەکانیشیان گەیشتوونەتە ئەوەی بە ئەگەرێکی زۆر حکومەت خشتەکە رەوانەی پەرلەمان ناکات.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە سەرەتا خشتەی بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، دواتر رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆئەوەی لە پەرلەمانیش دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بکرێت.
 
بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. جەمال کۆچەر هۆکاری نەناردنی خشتەی بودجەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیکە و زۆربەی لایەنەکان کەوتوونەتە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەخت.
 
پاریش پەسندکردنی خشتەی بودجەی ساڵی 2024 تاوەکو سەرەتای مانگی شەش دواکەوت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە