رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری قوربانییان کە بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانیان لەدەستداوە لەڕێگەی رووداوەوە چیرۆکەکانیان دەگێڕنەوە، یەکێکیان دەڵێت، "مردوویەکی زیندووم، واژۆیان بە باوکم کرد، ئەگەر لەسەر ئەو بابەتە قسە بکات، لە سێدارە بدرێت."
یەکێک لە قوربانییەکان هەموو ئەو بەڵگە و دۆکیۆمێنتانەی پێشانی رووداو دەدات تاوەکو بیسەلمێنێت کە باوکی 38 ساڵ پێش ئێستا بە هەڵەی پزیشکی گیانی لەدەستداوە. لەبری ئەوەی دەرزی چارەسەری نەخۆشی هیمۆفیلیا پێ بدرێت، بەهەڵە دەرمانی دیکەی پێدراوە و تووشی نەخۆشی ئایدز بووە و دواتر گیانی لە دەستداوە.
عەلی حوسێن، کەسوکاری یەکێک لە قوربانییەکان بە رووداوی گوت: "پێیان گوتین بە هەڵە دەرزیمان هاوردە کردووە. باوکت و 226 کەس بوونەتە قوربانی، ئەو دەرزییەی هاوردەمانکردووە، لە کۆمپانیای سانۆڤ و باستوورە کە سەر بە کۆمپانیای ماریۆی فەرەنسییە. کۆمپانیاکە داوای لێبووردنی کردووە و گوتوویەتی، 'هەڵەی پزیشکی روویداوە و بەکارهێنەرانی تووشی ئایدز' کردووە."
دوای ئەوەی حکومەتی ئەوکات دڵنیادەبێتەوە لەوەی ئەو دەرزییانە بەهەڵە لە نەخۆشەکان دراوە، سەرجەم بەکارهێنەرانی بۆ ماوەی پێنج ساڵ کەرەنتین دەکات.
رۆژنامەی ئەلساعە کە لە ژمارە 23ـی ساڵی 2003 دەرچووە باس لەوە دەکات کە وەزارەتی تەندروستی قسەی لەسەر ئەو بابەتە کردووە و دەڵێت، "سێ ملیۆن دۆلار قەرەبووی هەر عێراقییەک دەکرێتەوە کە تووشی نەخۆشی ئایدز بووە بە هۆکاری ئەو دەرمانەی کە پێیاندراوە بەهەڵە، بەڵام لە راستیدا کەسوکاری قوربانییەکان دەڵێن، ئەوان هیچ قەرەبوویەکیان لەو کۆمپانیایانە وەرنەگرتووە.
دیمەنی گردبوونەوەی کەسوکاری ئەو قوربانییانەن لە ساڵی 1987، بەهۆی دەرمانی هەڵەوە 226 کەس تووشی ئایدز بوون، حەیدەر ساحب یەکێکە لەو حەوت کەسەی هەڵگری ڤایرۆسەکەیە و لە ژیاندا ماوە و دەڵێت: "لە ساڵی 1991 لە کەرەنتین دەریان کردین باوکمیان ناچار کرد واژۆ بکات لەسێدارە بدرێت، ئەگەر هاتوو لەسەر ئەم بابەتە قسە بکات یان بڵاوی بکاتەوە، هەروەها سەرتاشین لەدەرەوە و هاوسەرگیری و خوێندنیان لێ قەدەغەکردم. واتا مردوویەکی زیندووم ، کاتی خۆی ئەو 230 کەسە بە زیندەبەچاڵ بکراینایە باشتربوو لەو ستەمەی لێمان کرا."
بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی عێراق هیچ دەرمانێک بەکار نایەت تاوەکو بە فیلتەری کوالێتی کۆنترۆڵ دا نەڕوات، سەندیکای دەرمانسازانی عێراق گومانی هەیە لە شاردنەوەی ئەو دۆسیەیە لەکاتی خۆیدا. ئوسامە هادی، پزیشکی دەرمانساز و گوتەبێژی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەم رووداوە کۆنە هی ساڵی هەشتاکانە پێدەچێت لایەنی دیکەی هەبێت جگە لە لایەنی زانستی و پیشەیی هەروەها دەبێت پێداچوونەوە بە تەواو دۆسیەکەدا بکرێت. بۆچی پێشتر بێدەنگی لەو بابەتە کراوە و بۆ ئێستا باس دەکرێت؟."
هەرچەندە ئەم ساڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ هەر قوربانییەک بڕی 100 ملیۆن دیناری وەک قەرەبووکردنەوە پێداون، بەڵام ئەوان داوای قەرەبووکردنەوە لە کۆمپانیا فەرەنسییەکەش دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ