رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی دەستگیرکردنی گرووپێکی راگەیاند کە خۆیان بە حەشدی شەعبی ناساندووە و لەو رێگەوە ساختەکارییان کردووە.
رۆژی دووشەممە (26ی ئایاری 2025)، لە راگەیێندراوێکدا دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەدا، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و دیسپلین لە دەستەی حەشدی شەعبی، گرووپێکی دەستگیرکردووە، کە خۆیان وەک لایەنی فەرمیی حکومی لەناو دەستەی حەشدی شەعبیدا ناساندووە و ناسنامەی کاریان (باج) ساختە کردووە بۆ بەکارهێنانیان بۆ راییکردنی کاروباری تایبەت و بەرژەوەندیی کەسی."
دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت، هێزێکی بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەکانی حەشدی شەعبی دوای وەرگرتنی رەزامەندیی فەرمی لە دادوەری تایبەتمەند لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا گرووپەکەیان دەستگیر کرد و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون.
حەشدی شەعبی چەندین گرووپی جیاوازی چەکدارین، لە ساڵی 2014 بە فەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دروستکراوە. بەشێکیان سەر بە مەرجەعیەت و بەشێکی دیکەیان بە نزیک لە ئێران دادەنرێن و بە حەشدی وەلائی ناودەبرێن.
لە خشتەی یاسای بودجەی ساڵی 2024 دا بودجەی حەشدی شەعبی چوار تریلیۆن و 500 ملیار دینارە و 238 هەزار و 75 ئەندامی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ