پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: تابلێتەکانى سەرژمێرى بە فۆڕماتکراوی دراونەتە ئوردن

26-06-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانانى عێراق رایگەیاند، تابلێتەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان فۆرمات کراون و بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران بەسەر وەزارەتەکاندا دابەشکراون. گوتەبێژەکەیان دەڵێت، بەشێک لەو تابلێتانە بە فۆرماتکراوی دراونەتە ئوردن.
 
چوارشەممە، 25ى حوزەیرانى 2025، عەبدولزەهرە هنداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو تابلێتانەی لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتوواندا بەکارهێنران، بەتەواوی فۆرماتکراون و داتاکانیان سڕاونەتەوە، دواتر بەسەر وەزارەتەکاندا دابەشکراون بۆ ئەوەی لە بواری ئامارەکانی گەشەپێداندا سوودیان لێوەربگیرێت.
 
رائید مالیکى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق نووسراوێکى ئەنجوومەنى وەزیرانى بڵاوکردەوە لەبارەى بەخشینى 12 هەزار تابلێت بە ئوردن. 
 
عەبدولزەهرە هنداوى پشتڕاستیکردەوە، کە تابلێتەکانی سەرژمێری دراونەتە ئوردن، بەڵام سەرجەم داتاکانیان سڕیونەتەوە. گوتیشی: "ئەوانەی دراونەتە ئوردن، 5٪ـی تابلێتەکان پێکدەهێنن."
 
گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق گوتى: "کاتێک سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانمان کرد، ئەوکات جەختمانکردەوە ئەو تابلێتانەی لە پرۆسەکەدا بەکاردەهێنرێن، بەسەر وەزارەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا دابەشدەکرێن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی خولی و بەردەوام داتای کەرتە جیاوازەکان بدەنە وەزارەتی پلاندانان".
 
20ـی تشرینی دووەمی 2024، بۆ یەکەمجار دواى 37 ساڵ سەرژمێریی گشتى دانیشتووان لە عێراق، هەرێمى کودستان کرا، زیاتر لە 125 هەزار ئامێرى تابلێت بەکارهێنران بۆ تۆمارکردن و گواستنەوەى زانیاریى خێزانەکان.
 
عەبدولزەهرە هنداوى گوتى: "دابەشکردنى ئەو تابلێتانە بەسەر وەزارەتەکاندا لەسەر بنەماى بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران بووە".
 
بەگوێرەى ئەو نووسراوەى پەرلەمانتارەکە بڵاویکردووەتەوە، بەخشینى ئەو 12 هەزار تابلێتە بە ئوردن بۆ ئەوەیە سوودى لێ ببینن لە سەرژمێرى گشتیی دانیشتووانى ئەو وڵاتە، کە بڕیارە مانگى تشرینى دووەمى ئەم ساڵ بکرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە