بڕیاری دامەزراندنی یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی عێراق دەدرێت

26-06-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی دەڵێت، یەکەمەکانی 2024-2025 و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا دادەمەزرێنرێن؛ بەشێکیان ئەوانەن کە خەڵکی ناوچەی مادەی 140ـن و لە هەرێمی کوردستان خوێندوویانە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ی حوزەیرانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رێنمایی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی دا، بە کردنەوەی کۆد بۆ دامەزراندنی بەشی سێیەمی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا."
 
سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دامەزراندنەکە یەکەمەکانی ساڵی 2024-2025 دەگرێتەوە و لە رۆژی یەکشەممەوە دەست بە رێکارەکانی کردنەوەی کۆد و کاراکردنی لینکی پڕکردنەوەی فۆرم دەکەین."
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژە گوتی، "وەکو هەنگاوەکانی پێشوو؛ دامەزراندنەکە ئەو یەکەمانەش دەگرێتەوە، کە خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ـن و دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانن، بۆ ئەم مەبەستەش هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی راژەی هەرێمی کوردستان دەکەین."
 
ساڵی 2023، 43 هەزار لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و یەکەمەکان دامەزرێندران. بە گوتەی لامی، تاوەکو ئێستا دیارنییە یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا ژمارەیان چەندە و دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمەکان ژمارەکە دەردەکەوێت. گوتیشی، "پڕکردنەوەی فۆرمەکان لە رێگەی لینکێکی تایبەتی ئەنجوومەنەکەمان دەبێت بە شێوەی ئۆنڵاین."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە