رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لە گرنگیی پاراستنی مافی ژنان، پابەندبوونی حکومەتەکەی بە بەهێزکردن و مسۆگەرکردنی مافەکانیان دەکاتەوە و دەڵێت، 50 هەزار و 592 کارمەندی ژن لە کەرتی تایبەتدا دەستەبەریی کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە.
ئەمڕۆ شەممە 26ی تەممووزی 2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێوڕەسمێکدا لە بەغدا بەشداریی کرد و گوتی، "حکومەت هەستی بە بەها، پێگە و رۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا کردووە، بۆیە لە کارنامەکەیدا پانتاییەکی گرنگی بۆ تەرخان کردووە، ئەویش لە رێگەی دەرکردنی رێنمایی و پێشنیازکردنی یاسا بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ژنان لە کەرتەکانی گشتی و تایبەتدا."
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، "ئەو کۆمەڵگەیانەی ستەم لە ژنان دەکەن و مافەکانیان پێشێل دەکەن، هەرگیز ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەخۆیانەوە نابینن، چونکە ژن بنچینەی یەکگرتوویی کۆمەڵگەیە."
سوودانی هەنگاوەکانی حکومەتەکەی بۆ پشتگیریکردنی ژنان خستەڕوو و رایگەیاند:
- ستراتیژیی نیشتمانی بۆ ژنان (2023 - 2030) راگەیێندراوە.
- نوێکردنەوەی دووەمی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و کچان.
- پلانی نیشتمانیی سێیەم بۆ ژنان، ئاسایش و ئاشتی (2025 - 2030) خراوەتە واری جێبەجێکردنەوە.
- ئەنجوومەنی باڵای کاروباری ژنان دامەزراوە و یاسای رزگاربووانی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە کارا کراوە.
- لە چوار پارێزگادا ماڵی داڵدەدانی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان کراوەتەوە و کار بۆ کردنەوەی ماڵی دیکە لە پارێزگاکانی دیکە بەردەوامە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەش کرد، "زیاتر لە 576,720 ژن لە سیستمی چاودێریی کۆمەڵایەتی سوودمەند بوون؛ مووچەی چاودێری بۆ 165,686 ژنی سەرپەرشتیاری خێزان زیادکراوە و بۆ 50,592 کارمەندی ژنیش لە کەرتی تایبەتدا دەستەبەریی کۆمەڵایەتی کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ