رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا مەرسوومێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاوکرایەوە، کە تێیدا سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی خانەنشین کراوە، هەریەکە لە دەستەی حەشدی شەعبی و سەرۆکایەتی کۆمار مەرسوومەکە رەتدەکەنەوە و دەڵێن "ساختەیە".
لە راگەیێندراوێکیدا کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، "ئەو نووسراوەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار کە بڵاوکراوەتەوە لەبارەی دەستلەکارکێشانەوە یان خانەنشینکردنی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکات ساختەیە و دوورە لە راستییەوە."
ئەو مەرسوومەی بڵاوکراوەتەوە، واژۆی سەرۆککۆماری لەسەرە و تێیدا هاتووە، بە پشتبەستن بە بڕگەی 7 لە مادەی 73ـی دەستوور و بڕگەی یەکەم لە مادەی 14 لە یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی ساڵی 2014 بڕیار دراوە بە، خانەنشینکردنی فالح فەیسەڵ فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.
رێککەوتی دەرچوونی مەرسوومەکە 24ـی تەممووزی 2025ـە.

هاوکات، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بە رووداوی گوت، "ئەو نووسراوەی بڵاوکراوەتەوە ساختەیە و کاری پێناکرێت."
فالح فەیاز لەدایکبووی ساڵی 1956ـە و لە ساڵی 2014ـەوە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییە.
رۆژی 25ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، پڕۆژەیاسایەکی نوێی دەستەی حەشدی شەعبی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد، بۆ پەسندکردنی.
یەکێک لە خاڵە ناکۆکی لەسەرەکانی بەردەم تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی لە پەرلەمان، لە پرسی تەمەنی خانەنشینیی فەرماندەکانی دەستەکەیە.
مەحاسن حەمدوون، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دیارنییە کەی ئەو یاسایە تێدەپەڕێندرێت، چونکە لە نێوماڵی شیعەدا ناکۆکی لەسەر چەند بڕگەیەکی یاساکە هەیە، بەتایبەتی ئەو بڕگەیەی باسی خانەنشینبوونی فەرماندەکانی حەشد دەکات."
حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 و بە فەتوایەکی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دوای گرتنی موسڵ لەلایەن چەکدارانی داعش لە حوزەیرانی 2014، دامەزرا.
لە ساڵی 2016، حەشدی شەعبی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە وەکو هێزێکی چەکدار ناسێندرا و لەپاڵ سوپای عێراق بووەتە هێزێکی فەرمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ