ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق: نوور زوهێر لە دانیشتنی دادگە ئامادە نابێ

26-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سبەی دادگەییکردنی نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی "دزیی سەدە" لە بەغدا بەڕێودەچێت. ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نوور زوهێر ئامادەی دانیشتنەکە نابێ.
 
دادگەی ناوەندیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا رۆژی 14ـی ئەم مانگە دادگەییکردنەکەی نوور زوهێری بۆ رۆژی 27ـی ئابی 2024 دواخست، دوای ئەوەی پارێزەرەکەی بەهۆی "دۆخی تایبەت"ەوە داوای دواخستنی کرد.
 
باسم خەشان، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 26-08-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "نوور زوهێر ئامادەی دانیشتنی سبەی دادگە نابێ؛ چونکە ئەگەر خواستی ئامادەبوونی هەبوایە، لە یەکەم دانیشتنی دادگە ئامادە دەبوو". 
 
نوور زوهێر ناسراو ئەبو فاتیمە، لە 24ى شرینى یەکەمى 2022 لە کاتى هەوڵدان بۆ راکردن بۆ دەرەوە، لە فڕۆکەخانەى بەغدا دەستگیرکرا. دواتر بە بڕیارى دادگەى لێکۆڵینەوەى کەرخ لە بەغدا کە تایبەتە بە دۆسیەکانى دەستپاکى، نوور زوهێر، خاوەنى هەردوو کۆمپانیاى قانت و موبدیعون بە بارمتە ئازاد کرا، بۆ گەڕاندنەوەى ئەو پارەیەى کە لە بانکى رافیدەین وەریگرتووە و لە لای ماوە.
 
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق، نوور زوهێر لە دەرەوەی وڵاتە، نازانرێ بە دیاریکراوی لەکوێیە، لە نێوان لوبنان، ئوردن و حەبەشە (ئەسیوپیا) هاتووچۆ دەکات". گوتیشی، "کاتێک کە نوور زوهێر دەستگیرکرا و دواتر ئازاد کرا، دادوەر بڕیاریدا رێگەی چوونە دەرەوەی وڵاتی پێبدرێ، ئەوەش بڕیارێکی هەڵەبوو".
 
رۆژی شەممە، 24ـی ئابی 2024، هەواڵێک بڵاوکرایەوە گوایە نوور زوهێر، نزیکی کاژێر 00:30 لە ناوچەی حەدەت لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بووە. باسم خەشان دەڵێت، "ئەو هەواڵە درۆ بوو، هیچ بنەمایەکی نییە".
 
مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دۆسییەکەوە بە روووداوی گوت, "پارە دزراوەکە زۆر زیاترە لەوەی باس دەکرێت. پێشبینی دەکەین پارەکە سەروو 6 تریلیۆن دینار و تەنانەت زیاتریش بێت. بەڵێنمان داوە تاوەکو دوا وێستگە بەدوای دۆسییەکەدا بچین و بزانین کێن ئەوانەی لەپشتی ناوە ئاشکراکانەوەن دزییەکەیان کردووە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە