پڕۆژەی شاری وەرد لە بەغدا؛ هیچ نەکراوە و 30 ملیۆن دینار لە خاوەن پشکەکان وەرگیراوە

26-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو کۆمپانیایانەی پڕۆژەکانی شاری وەرد و جەواهیرییان وەرگرتووە، دەستیان بە فرۆشتن کردووە لە کاتێکدا هێشتا پڕۆژەکە هەر خۆڵە و دەست بە کار نەکراوە. گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراقیش دەڵێت، 4 بۆ 5 ساڵی دیکە قۆناخی یەکەم تەواو دەبێت.
 
حوسێن سەعبەری زیاتر تیشکی خستووەتە سەر شاری عەلی وەردی (وەرد) و دەڵێت، وەبەرهێنەرێکی میسری وەریگرتووە. لەکاتێکدا کە هێشتا 1٪ی پڕۆژەکەی تەواو نەکردووە، کەچی لە هەر هاووڵاتییەک 30 ملیۆن دینار وەکو پێشەکی وەردەگرێت.
 
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ کۆمپانیای ئۆرای میسری کردوومانە، پڕۆژەکە 120 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆ دەگرێت، لەو ژمارەیە 12 هەزار یەکە لەلایەن وەبەرهێنەکەوە دەدرێتە حکومەت و حکومەتیش بە نیوەی نرخەکە بە چەند چینێکی شایستەی دەدات."
 
بە گوتەی سەفار، "ئەو 12 هەزار یەکەیە بەشێوەی تیروپشک و بە داشکاندنی 50٪ دەدرێتە ژمارەیەک خێزانی کەسوکاری شەهیدان، قوربانییانی تیرۆر، تۆمارکراوەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و بێوەژنەکان."
 
وەک گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق ئاماژەی پێدەکات، "پڕۆژەکە لە سەرەتای دەستپێکردنیدایە و چەندین جۆر شووقە بە رووبەر و شێوازی جیاواز لەخۆ دەگرێت، بەڵام هاووڵاتییان ئێستا لەسەر کاخەز دەیکڕن و نموونەیەکی زیندوو لەبەرچاویاندا نییە، خەڵکیش ئازادە چی دەکڕێت."
 
شاری وەردی لەسەر رووبەری 24 هەزار دۆنم دروست دەکرێت، نەبیل سەفار ئاشکرای دەکات، "پڕۆژەکە گەورەترین باخچەی نێوخۆیی و رووبەری سەوزایی لەسەر ئاستی جیهان تێدا دروست دەکرێت، قۆناخی یەکەمیشی 4 بۆ 5 ساڵی دیکە بڕیارە تەواو بکرێت."
 
حوسێن سەعبەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنان رایگەیاندووە، "بەپێی رێنماییەکانی یاسای وەبەرهێنان، پێویستە وەبەرهێنەر 25%ـی پڕۆژەکە تەواو بکات، ئینجا دەست بە فرۆشتن بکات."
 
بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەڵێت، لە یاسای وەبەرهێنانی عێراقی ژمارە 13ـی ساڵی 2006ـدا، هیچ دەقێکی روون نییە کە وەبەرهێنەر ناچار بکات یەکە نیشتەجێبوونەکان نەفرۆشێت، تاوەکو تەواوکردنی پڕۆژەکە نەگاتە رێژەیەکی دیاریکراو.
 
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت، "بەڵێننامە لە وەبەرهێنەران وەردەگیرێت و رێکاری یاسایی و کارگێڕیی تووند هەن کە پابەندیان دەکات پڕۆژەکانیان بەپێی ئەو ماوەیەی بۆیان دیاریکراوە تەواو بکەن."
 
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق سەرەتای ساڵی رابردوو پڕۆژەی دروستکردنی چەند شارێکی نیشتەجێبوونی راگەیاند، ئەوانیش؛ شاری عەلی وەردی (وەرد) و جەواهیری لە بەغدا، غەزلانی لە موسڵ، جەنائین لە بابل و زەفاف لە کەربەلا، کە لە بە کۆی گشتی 220 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێن و شاری عەلی وەردی گەورەترینیانە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، وڵاتەکە پێویستی بە سێ ملیۆن و 500 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، بۆئەوەی قەیرانی شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان بە تەواوی چارەسەر بکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە