رووداو دیجیتاڵ
وردبینیکردنەوە لە مامەڵەی کاڵای هاوردەکراو لە گومرگى بەندەری ئوم قەسر لە بەسرە، تێپەڕینى بارهەڵگرەکانی دواخستووە کە بەشێکیان بۆ هەرێمی کوردستان هاوردە کراون. خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەڵێت: "بارەکانمان 12 رۆژە لەو بەندەرە راگیراون."
سێشەممە، 26ـی ئابى 2025، حامی هەرکی، خاوەنی کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەی 12 رۆژە بارەکانمان لە خاڵی گومرگیی بەندەری ئوم قەسر لە بەسرەن و رێگەیان پێنادرێت دەرباز بن، بەهۆی وردبینیکردنەوەی بەڵگەنامەکان و ناردنیان بۆ بەغدا."
بەرپرسی ئەو کۆمپانیایە ئاماژەی بەوەدا کە رێکارێکی نوێ بۆ دەروازەی گومرگیی ئوم قەسر دانراوە و سەرجەم مامەڵەی کاڵا هاوردەکراوەکان، لەدوای گەیشتن بە بەندەرەکە، دەنێردرێن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق لە بەغدا بۆ وردبینیکردنەوەی، لەکاتێکدا پێشتر مامەڵەکان لە بەندەرەکە تەواو دەکران.
بۆ هاوردەکردنی هەر کاڵایەک، پێویستە هاوردەکار بەڵگەنامەی هەبێت کە بیسەلمێنێت هەمان ئەو بارەیە پێشتر مامەڵەى هاوردەکردنى بۆ کردووە و گومرگى داوە، کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ تۆمار کرابێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق لە 21ـی ئابی 2025، روونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو کێشەیەوە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە رێکارە چاودێرییە نوێیەکان بۆ تێپەڕینی ئەو بارهەڵگرانە 15 بۆ 30 خولەکی پێدەچێت، بەڵام ئەگەر هەڵەیەک لە زانیاریی گومرگیی بارەکەدا هەبێت، وردبینیی بۆ دەکرێتەوە بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵانەی تێیدایە یان بۆ رێگری لە فێڵکردن.
خاوەنی کۆمپانیای ئارک ستار گوتى: "هەندێک لە بارەکان میوەن کە بە گەرما و مانەوەی زۆر تێک دەچن. هەندێک لەو کاڵایانەی هاوردە کراون بۆ پێداویستیی دامودەزگاکانی حکومەت و کەرتی تایبەتن و پێویستیان پێیانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ