رووداو دیجیتاڵ
عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق کە لە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیایە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، خورما هەناردەی بازاڕەکانی ئەو وڵاتە دەکەن و وردەکاریی رێککەوتن و یاداشتنامەکانی نێوان هەردوو وڵاتیشی خستەڕوو.
هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا کە یاوەریی شاندی عێراقی دەکات، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی عێراق کرد.
پتەوکردنی پەیوەندییەکان و واژۆکردنی یاداشتنامە
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بە سەردانەکەیان، عەباس مالیکی گوتی: "لە ساڵی 2023ـەوە کۆبوونەوەکان بەردەوامن و کۆمەڵێک یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆکراون. ئەمڕۆ سێ یاداشتی دیکەمان واژۆ کرد، دوانیان تایبەت بە ژووری بازرگانی و ئەوی دیکەیان بۆ یەکێتیی بەڵێندەران."
وەزیری کشتوکاڵی عێراق گوتیشی: "کۆمەڵێک یاداشتی لێکتێگەیشتنی حکومیمان لەگەڵ وەزارەتەکانی گواستنەوە، خوێندنی باڵا و کشتوکاڵی ئەرمینیا تەواو کردووە و لە قۆناخی کۆتاییدان. پشتیوان بە خودا لە چەند رۆژی داهاتوودا واژۆ دەکرێن."
عەباس مالیکی باسی لەوە کرد کە "هاوکارییەکی بەرهەمدار" لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و گوتی: "دەرفەتی گەورە لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و چالاکییەکانی دیکەدا هەن. هیوادارین ئەمە دەرفەتێکی گەورە بێت، بەتایبەتی بۆ کەرتی تایبەت تاوەکو هەردوو گەل سوودی لێ وەربگرن."
خورمای عێراق لە بازاڕەکانی ئەرمینیا
سەبارەت بە هاوکاریی کشتوکاڵی و هەناردەکردنی خورما، وەزیری کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، عێراق پێویستی بە هاوردەکردنی مەڕوماڵات و ئاژەڵ لە ئەرمینیا و وڵاتانی دیکە هەیە و لەبەرامبەریشدا بەرهەمی خۆی هەناردە دەکات.
عەباس مالیکی گوتی: "یەکێک لە کارە هاوبەشەکانمان هەناردەکردنی بەرهەمی عێراقییە، لە سەروو هەموویانەوە هەناردەکردنی خورما کە پشتیوان بە خودا بازاڕێکی باشی لە ئەرمینیا دەبێت، لەگەڵ ئەو بەرهەمانەی دیکەش کە رێککەوتنیان لەبارەوە کراوە."
لە وەڵامی ئەوەی ئایا ئەم ساڵ خورما دەگاتە ئەرمینیا، وەزیرەکە بە دڵنیاییەوە گوتی: "پشتیوان بە خودا، بەڵێ."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: جەنابی وەزیر، چۆن باسی سەردانەکەتان بۆ ئەرمینیا و ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنانەی لەنێوان هەردوو دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی ئەرمینیا واژۆکراون چین؟
عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق: لە 2023ـەوە کۆبوونەوە دەکرێن کە تێیاندا کۆمەڵێک یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆکراون، ئەمڕۆ سێ یاداشتیی لێکتێگەیشتنمان واژۆکردن؛ دووانیان بۆ ژووری بازرگانی و ئەوی دیکە بۆ یەکێتیی بەڵێنداران بوو. کۆمەڵێک یاداشتی لێکتێگەیشتنی حکومیمان لەگەڵ وەزارەتەکانی گواستنەوە، خوێندنی باڵا و کشتوکاڵ ئامادەن، لەدوایین کۆبوونەوەکاندا گەیشتینە دوایین هەنگاو، پشتیوان بەخودا هیوادارین لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا تەواو بکرێن بۆ ئەوەی واژۆیان لەسەر بکرێ.
هاوکارییەکی بەرهەمدار لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری ئەرمینیا هەیە؛ دەرفەتی گەورە لە چەندین بواردا هەیە وەک بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵ و چالاکییەکانی دیکە. بۆیە ئێمە ئەمڕۆ لە شاری یەریڤانین لە ئەرمینیا لەگەڵ کۆمەڵێک بەڕێزان لە بریکاری وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە وەزارەتە جیاوازەکان. شاندی هاوبەشی هەردوو وڵات هەموو پەڕاوەکانیان تەواوکردوون و کۆنووسێکی هاوبەشمان واژۆکرد. هیوادارین ئەمە دەرفەتێکی گەورە بێ بەتایبەتی لە بواری کەرتی تایبەت بۆ کارکردن لەنێوان هەردوو وڵات و هەردوو گەلیش پێکەوە سوودی لێ وەربگرن.
رووداو: جەنابی وەزیر، گوێمان لەوەبووە کە خورما هەناردەی ئەرمینیا دەکرێ. ئایا لەوبارەوە هیچ لێکتێگەیشتنێک هەیە؟ داواکاریتان لە ئەرمینیا چییە بۆ هاوکاری هاوبەش؟
عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق: لە بواری کشتوکاڵدا پێویستی زۆرمان بە مەڕوماڵات و ئاژەڵە لە جۆرجیا و ئەرمینیا و وڵاتی دیکە هاوردە دەکەین. ئەمە یەکێکە لە کاری هاوبەشمان لەگەڵ هەنادەکردنی کۆمەڵێک کاڵای عێراقی، لەوانە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە هەناردەکردنی خورما کە پشتیوان بەخودا بازاڕێکی باشی دەبێت لە ئەرمینیا لەگەڵ بەرهەمەکانی دیکەش کە لەنێوان هەردوو وڵات رێککەوتنیان لەبارەوە کراوە.
رووداو: ئەم ساڵ خورما دەگاتە ئەرمینیا
عەباس مالیکی، وەزیری کشتوکاڵی عێراق: پشتیوان بەخوا، پشتیوان بەخوا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ