رووداو وردەکاریی لەبارەی 93 باڵیۆزە نوێیەکەی عێراق بڵاودەکاتەوە

26-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە، 26ی ئابی 2025 پەرلەمانی عێراق متمانەی بە 93 باڵیۆزی نوێ بەخشی، تۆڕی میدیایی رووداو وردەکاریی دابەشکردنی ئەو باڵیۆزانە بە گوێرەی پێکهاتە، پسپۆڕی، ئاستی خوێندن و تەمەن بڵاودەکاتەوە کە تێیدا پشکی هەریەک لە پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان دیاریکراوە. 
 
دابەشبوون بە گوێرەی پێکهاتەکان
 
زۆرترین پشک بەر پێکهاتەی شیعە کەوتووە و دابەشکارییەکەش بەم شێوەیەیە:
 
پێکهاتەی شیعە: 49 باڵیۆز کە دەکاتە 52.7%ـی کۆی گشتی. ئەم پشکە نوێنەرایەتیی تورکمانی شیعە (مەحموود خەلیل جەعفەر سلێمان چاییرلی)، کوردانی فەیلی و شەبەک (هانی حەنین قەدۆ) لەخۆدەگرێ.
 
پێکهاتەی سوننە: 23 باڵیۆز کە دەکاتە 24.7%ـی کۆی گشتی.
 
کورد: 17 باڵیۆز کە دەکاتە 18.3%ـی کۆی گشتی. جگە لەوە، بەربژێرێکی کوردی ئێزدی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەربژێرێکی دیکەی کوردیش لەسەر پشکی پارتی تەقەدووم دەبنە باڵیۆز، کە ئەمە پشکی کورد بەشێوەیەکی نافەرمی زیاد دەکات.
 
پێکهاتەکانی دیکە: کریستیانەکان دوو باڵیۆزیان دەبێ (نۆفەل بەها موسا و گریگۆر باکرام موسیس دێر هاکوبیان)، ئەوەی دووەمیان لە کورد نزیکە. 
 
کوردانی ئێزدی و سابیئەی مەندائی هەریەکەیان یەک باڵیۆزیان بەرکەوتووە.
 
پسپۆڕی و ئاستی خوێندن
 
لیستی باڵیۆزە نوێیەکان تێکەڵەیەکە لە فەرمانبەرانی حکومەت، کەسایەتیی سیاسی و کەسایەتی کۆمەڵگەی مەدەنی. دابەشبوونیان بە گوێرەی پسپۆڕی و ئاستی خوێندن بەم شێوەیەیە:
 
شوێنی کار: 73 باڵیۆز فەرمانبەری حکومەتن و 20یان کەسایەتیی سیاسی یان چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنین.
 
لایەنی بەربژێرکردن: 48 باڵیۆز لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بەربژێرکراون و 45یان لە دەرەوەی وەزارەت و لەسەر پشکی لایەنە سیاسییەکان دیاریکراون.
 
بڕوانامە: 51 باڵیۆزیان هەڵگری بڕوانامەی باڵان (ماستەر و دکتۆرا) و 34یان بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە.
 
تەمەنی باڵیۆزەکان
 
تەمەنی باڵیۆزەکان جیاوازە:
 
35 بۆ 40 ساڵ؛ 2 باڵیۆز
40 بۆ 45 ساڵ؛ 17 باڵیۆز
45 بۆ 50 ساڵ؛ 33 باڵیۆز
50 بۆ 55 ساڵ؛ 20 باڵیۆز
55 بۆ 60 ساڵ؛ 17 باڵیۆز
سەرووی 60 ساڵ؛ 4 باڵیۆز
 
بە گوێرەی لیستەکە، باڵیۆزە نوێیە کوردەکان بریتین لە:
 
1- سەلوان رەشید شنگالی، دکتۆرا لە یاسا، لە دایکبووی 1966، وەزارەتی دەرەوەی عێراق (پارتی)
 
2- بێوان جاسم ئیبراهیم عەبدوڵڵا زاویتەیی، ماستەر لە یاسا، لەدایکبووی 1978، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق (پارتی)
 
3- عیماد محەممەد میرزا محەممەد ، ماستەر لە زانستی سیاسی، لەدایکبووی 1971، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (پارتی)
 
4- ئامەد عەبدولحەمید محەممەد بۆتانی، بەکالۆریۆس لە یاسا، لەدایکبووی 1975، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (پارتی)
 
5- رەوەز مەهدی خۆشناو، بەکالۆریۆس لە پزیشکی، لەدایکبووی 1979، پەرلەمانتاری پێشووتر (پارتی)
 
6- ئەشواق نەجمەدین عەباس محەممەد جاف، دکتۆرا لە دەرمانسازی، لەدایکبووی 1972، پەرلەمانتاری پێشووتر (پارتی)
 
7- دانا محەممەد جەزا عەلی محەممەد، بەکالۆریۆس لە لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، لەدایکبووی 1975، پەرلەمانتاری پێشوو (پارتی)
 
8- برین سەعید تەحسین بەگ، بەکالۆریۆس لە یاسا، لەدایکبووی 1981، دیپلۆماتکار (پارتی)
 
9- دلێر دارا تۆفیق فەتحوڵڵا تۆفیق، بەکالۆریۆس لە عەرەبی، لەدایکبووی 1967، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (پارتی)
 
10- شێرزاد ئەحمەد محەممەد حەسەن جاف، بەکالۆریۆس لە یاسا، لەدایکبووی 1980، راوێژکاری لە وەزارەتی دەرەوە (پارتی)
 
11- بێریڤان مستەفا ئیبراهیم محەممەد دۆسکی، ماستەر لە وەرگێڕان، لەدایکبووی 1964، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (یەکێتی)
 
12- محەممەد ئەحمەد حەمەدەمین دزەیی، بەکالۆریۆس لە ئەندازیاری کیمیایی، لەدایکبووی 1976، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (یەکێتی)
 
13- سەرحەد سەردار عەبدولرەحمان فەتاح، بەکالۆریۆس لە ئەندازیاری شارستانی، لەدایکبووی 1965، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (یەکێتی)
 
14- جوان ئیحسان فەوزی، دکتۆرا لە زانستی کۆمەڵناسی، لەدایکبووی 1975، پەرلەمانتاری پێشوو (یەکێتی)
 
15- دەروون فەرەیدوون عەبدوڵڵا، دکتۆرا لە کارگێڕی، لەدایکبووی 1983، کارمەندی حکومی (یەکێتی)
 
16- زانا بێستوون عەلی، بەکارلۆس لە زمان، لەدایکبووی 1983، کارمەندی حکومی (یەکێتی)
 
17- دانا سەعید سۆفی، دکتۆرا لە زانستی کۆمەڵناسی، لەدایکبووی 1971، مامۆستای زانکۆ (یەکێتی)
 
18- هاوڕێ محەممەد غەریب  عەبدولقادر جەلال تاڵەبانی، ماستەر، لەدایکبووی 1969، وەزارەتی دەرەوە (یەکێتی)
 
19- محەممەد سەمیر عزەت سامی نەقشبەندی، بەکالۆریۆس لە زانستی سیاسی، لەدایکبووی 1975، راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوە (کوردە، بەڵام لەسەر لیستی تەقەدوومە)
 
دانا جەزا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە نزیکترین کاتدا لە سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەردەم لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق سوێندی دەستووری دەخۆن و دواتر بەشداری خولێکی پەیمانی خزمەتی دەرەوەی عێراق دەکەن.
 
دانا جەزا ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا هیچ شوێنێکیان بۆ دیاری نەکراوە، دوای تەواوبوونی خولەکە، بەگوێرەی پێویستی وەزارەتی دەرەوە لە نێو وەزارەت یان لە دەرەوەی وەزارەت و باڵیۆزخانەکان دابەش دەکرێن. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە