رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا نووری مالیکی بانگهێشت دەکات سەردانی تورکیا بکات. باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا دەڵێت، پەیوەندییەکانی بەغدا و ئەنقەرە باشتر دەبن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ سێشەممە، 26-09-2023، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێشوازی لە عەلی رەزا گونەی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کردووە و پێکەوە دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانیان تاوتوێ کردووە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، نووری مالیکی و عەلی رەزا گونەی، باسیان لە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا لە بوارە جیاوازەکان و پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان کردووە.
نووری مالیکی گوتوویەتی، "حکومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی پەرەپێدان بەردەوامە، بەوپێیەی پڕۆژەیەکی گرنگی عێراق و تورکیایە. پێویستە کاری هاوبەش بکرێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لە بواری ئابوورییدا".
مالیکی ئاماژەی بەوەشکردووە کە "عێراق سوورە لەسەر رەخساندنی ژینگەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنەران، فەراهەمکردنی ژینگەی پەرەپێدان و هەلی وەبەرههێنان بۆ کۆمپانیا بیانییەکان تا وەبەرهێنان لە عێراق بکەن. کۆمپانیا تورکییەکانیش رۆڵێکی گرنگیان لە ئاوەدانکردنەوەی عێراق هەیە".

لای خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا بانگهێشتنامەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای رادەستی نووری مالیکی کرد بۆ ئەوەی سەردانی تورکیا بکات و گوتی، حکومەتی وڵاتەکەی دەخوازێت کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات چارەسەر بکرێن و لە ماوەی داهاتوودا پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق باشتر بن.
تورکیا پەیوەندییەکی بەهێزی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق مانگی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان، هاوتا تورکییەکەی لە بەغدا گوتی، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا سەرووی 20 ملیار دۆلارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ