رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بە پاساوی "ئامادەنەبوون" لە کۆبوونەوەکان، ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە دووردەخاتەوە. ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئەو پارێزگایە دەڵێت، "بڕیارەکە نایاساییە" و ئەندامەکە دەگەڕێتەوە.
عامر داود فەیلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا رۆژی پێنجشەممە، 26-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "عەممار حوسێن قەیسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، بە پاساوی "ئامادەنەبوون و بەشدارینەکردن" لە دانیشتنەکانی ئەنجوومەن، عەممار فەرحان حەمدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدای لە ئەندامیێتی ئەنجوومەن دوورخستەوە."
بە گوێرەی نووسراوێک، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، رۆژی 25-09-2024 پاڵپشت بە مادەی 25/ یەکەم لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا ئەو ئەندامەی دوورخستووەتەوە.
بە گوێرەی مادەکە هەر ئەندامێک، چوار دانیشتن لەسەر یەک، یاخود (1/4) چارەگی ژمارەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەن لەماوەی چوار مانگەدا بێ پاساوی رەوا ئامادە نەبێت، ئەوا "بە دەست لەکارکێشاوە" دادەنرێت.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، عەممار فەرحان حەمادی حەمدانی چارەگێکی دانیشتنەکان ئامادە نەبووە، لە ماوەی چوار مانگدا لە 14-03-2024 تاوەکو 14-07-2024 دا، 6 جار ئامادە نەبووە لە کۆی 15 دانیشتنی ئەنجوومەن، بۆیە سەرۆکی ئەنجوومەن ناوبراوی دووخستووەتەوە، بەهۆی تێپەڕبوونی ئامادەنەبوونەکانی لە چارەگی ژمارەی دانیشتنەکان لە ماوەی چوار مانگدا.
عامر داود فەیلی، دەڵێت: "ئەو بڕیارە نایاساییە و رەتیدەکەینەوە، چونکە هەر ئەو مادەی کە سەرۆکی ئەنجوومەن پشتی پێبەستووە، بڕگەی دوو و سێی هەیە، باس لەوەدەکات ئەگەر هەر ئەندامێک ئامادەی کۆبوونەوەکان نەبێت، ئاگادار بکرێتەوە حەوت رۆژی زووتر بانگ بکرێت، دواتر لە ئەنجوومەنی ئەنجوومەن دووخستنەوەکە بخرێتە دەنگدانەوە".
عەمار حوسێن قەیسی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە هاوپەیمانیی عەزم-ی سوننەکانە بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەرائیی و عەممار حەمدانی لە پارتیی تەقەدوومە بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی.
فەیلی دەڵێت، لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن ناکۆکی لەنێوان عەممار قەیسی و عەممار حەمدانیی هەیە. تەقەدووم پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەن بە شایستەی خۆی دەزانێت. ماوەیەک لەمەوبەر حەمدانی واژۆی بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەن کۆکردەوە؛ بەڵام دوای 48 کاژێر سەرۆکی ئەنجوومەن، لە ئەندامییەتی ئەنجوومەن دووری خستووەتەوە.
بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەن، "عەممار حەمدانی، دەگەڕێتەوە ئەنجوومەن، لە دادگا سکاڵا تۆمار دەکات بەدڵنیاییەوە دەیباتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەن. رەنگە دواتر پارتی تەقەدووم پرساندن بۆ سەرۆکی ئەنجوومەن بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ