رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا 6.9 ملیار دۆلار و لەگەڵ ئێرانیش 4.5 ملیار دۆلار بووە، بەمەش قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی عێراق لەگەڵ تورکیا زیاد و لەگەڵ ئێرانیش کەمیکردووە؛ هاوکات عێراق بەنیازە شاری زێڕ دروستبکات بۆ ئەوەی زێڕ هەناردەی وڵاتان بکات.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق 25-09-2025، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ساڵی 2023 قەبارەی هاوردەکردنی کاڵا لە تورکیاوە 12 ملیار و 756 ملیۆن و 467 هەزار دۆلار بووە، لەکاتێکدا هەناردەی عێراق بۆ ئەو وڵاتە یەک ملیار و 498 ملیۆن دۆلار بووە؛ بەوەش قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا گەیشتووەتە 14 ملیار و 254 ملیۆن دۆلار، بەڵام تەرازووی بازرگانی بە قازانجی تورکیا و بە بڕی 11 ملیار و 258 ملیۆن دۆلار بووە.
بە گوتەی محەممەد حەنوون، ئەم داتایانە لە ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی تۆمارکراون، بەڵام "بازرگانیی دیکە لەنێوان هەردوو وڵات هەیە کە پێموایە لە ناوەندی بازرگانیی نێودەوڵەتی تۆمارنەکراون. قەبارەی بازرگانی لەگەڵ تورکیا زیادی کردووە و هاوکاری و هاوئاهەنگییەکی گەورەی ئابووری لەنێوان عێراق و تورکیا هەیە."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ساڵ تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ تورکیا گەیشتووەتە شەش ملیار و 929 ملیۆن دۆلار. قەبارەی هەناردەی تورکیا بۆ عێراق پێنج ملیار و 638 ملیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا هەناردەی عێراق بۆ ئەو وڵاتە 991 ملیۆن و 615 هەزار دۆلار بووە، کە جیاوازییەکی زۆر لەنێوان هەناردە و هاوردە دا هەیە.
دیارترین هەناردەکانی عێراق بۆ تورکیا بریتین لە نەوت، خورما، سەوزە و میوە. محەممەد حەنوون دەڵێت، چالاکییەکی گەورەی ئابووری لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا هەیە و تورکیا کاڵاکانی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دەنێرێتە عێراق. عێراقیش زۆر کاڵا لە تورکیاوە هاوردە دەکات، وەکو کەرەستەی بیناسازی، وزە و خۆراک. بەشێک لە سەبەتەی خۆراکی عێراق وەکو دۆشاوی تەماتە و پاقلەمەنییەکان، پشت بە تورکیا دەبەستێت و نزیکەی 60% بۆ 70%ـی هاوردەکان کاڵای تورکین.
سەبارەت بە زێڕ، حەنوون گوتی، زێڕ یەکێکە لەو کاڵا سەرەکییانەی عێراق لە تورکیا، ئیمارات، بەحرێن و وڵاتانی دیکەوە هاوردەی دەکات، بەڵام عێراق بەنیازە "شاری زێڕ" لە یەکێک لە ناوچەکانی بەغدا دروستبکات بۆ ئەوەی ببێتە بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری زێڕ.
لەبارەی ئێرانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق باسی لەوەکرد، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا عێراق بە بەهای 178 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردووە و بە بەهای چوار ملیار و 328 ملیۆن دۆلار کاڵای لێوە هاوردە کردووە. بەوەش قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و ئێران گەیشتووەتە چوار ملیار و 506 ملیۆن و 939 هەزار دۆلار، کە نەوت و گاز لەخۆناگرێت.
ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران 12 ملیار و 504 ملیۆن دۆلار بوو. گوتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا، قەبارەکە کەمیکردووە و هۆکارەکەشی بۆ دۆخی ئەمنیی ئەم دواییانەی ئێران گەڕاندەوە و رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران وایکردووە بازرگانان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ