عێراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی لە کۆنفرانسێکی UN داخستنی کەمپی هۆل تاوتوێ دەکەن

27-09-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی 26ی ئەیلوولی 2025 عێراق سەرپەرشتیی کۆنفرانسێکی ئاست بەرزی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد سەبارەت بە گەڕاندنەوە، شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی دەستبەسەرکراوانی کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان، لەنێویاندا کەمپی هۆل و رۆژ. کۆنفرانسەکە تیشکی خستە سەر هەوڵە بەردەوامە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییە ئەمنییەکان و پشتگیریکردنی بووژانەوەی قۆناخی دوای داعش.
 
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە پابەندبوونی حکومەتی وڵاتەکەی کردەوە بۆ ئاسانکاریکردنی گەڕانەوەی ئارام و رێکخراوی هاووڵاتییانی لەو کەمپانە و رایگەیاند، "ئەوانەی دەگەڕێنەوە بە شێوەیەکی ئاشتییانە تێکەڵی کۆمەڵگە دەکرێنەوە و بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە کۆمەڵگەدا دەکەن."
 
وەزیری دەرەوەی عێراق داوای میکانیزمێکی جیهانیی هاوئاهەنگی کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئەو دۆخە، کەمیی سەرچاوەکان و شیاندنەوەی قۆناخی دوای ململانێکان و گوتی، "سەرکەوتنی هەوڵەکانی عێراق، بە هاوبەشی لەگەڵ پشتیوانە نێودەوڵەتییەکان، نەوەک تەنیا سوودی بۆ وڵاتەکەمان دەبێت، بەڵکو ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتییش بەهێزتر دەکات."
 
عێراق پێشنیازی دامەزراندنی "گرووپی دۆستان"ی کرد بۆ شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی ئەو کەسانەی گومانیان لێ دەکرێت پەیوەندییان بە داعشەوە هەبوبێت، بە پشتیوانیی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆئەوەی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 یان چارەکی یەکەمی 2026 کەمپەکانی حەسەکە دابخرێن.
 
دەیڤید ڤان ویل، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، هاوڕابوو لەگەڵ ئەو نیگەرانییانە و ئاماژەی بە دۆخی ئەمنیی ناسەقامگیری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کرد. ڤان ویل هۆشداریی دا و گوتی، "ئەگەر ئەم ئاڵنگارییانە لە رێگەی هاوکاریی نێودەوڵەتییەوە چارەسەر نەکرێن، ئەوا ئەنجامەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی دەتوانن مەترسیدار بن."
 
ڤان ویل ئاماژەی بەوەش کرد، هۆڵەندا 9 ملیۆن یۆرۆی تەرخانکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە تێکەڵکردنەوەی دانیشتووانی دیکەی کەمپی هۆل؛ جەختی لە گرنگیی ستراتیجی گشتگیریش کردەوە بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی تووندڕۆیی.
 
بێلێن کاربۆنێل، سکرتێری گشتیی دەزگای کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ستایشی رۆڵی پێشەنگی عێراقی کرد و تیشکی خستە سەر بەخشینە دارایی و لۆجستییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و گوتی، "یەکێتیی ئەورووپا بڕی 2.5 ملیار یۆرۆی بۆ ساڵانی 2025-2026 تەرخانکردووە کە هاوکاریی مرۆیی و پڕۆگرامەکانی تێکەڵکردنەوە لەخۆدەگرێت."
 
کاربۆنێل جەختی لە لاوازیی منداڵان و خێزانەکان لە کەمپەکان و پێویستیی هەوڵی هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەریی بیری تووندڕۆیی.
 
بێرنهارد کۆچ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پشتیوانیی بەرلینی بۆ پڕۆگرامەکانی تێكەڵکردنەوە لە عێراق دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هەموو ئەو ژن و منداڵانەی لە بنەڕەتدا هاووڵاتیی ئەڵمانی بوون و خواستی گەڕانەوەیان هەبوو، لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان گەڕێنراونەتەوە ئەڵمانیا.
 
وەزیرەکە باسی لەوە کرد کە پێشتر 17.5 ملیۆن دۆلار لە لایەن حکومەتی وڵاتەکەیەوە تەرخانکراوە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەقامگیری و دابینکردنی دەرفەت بۆ ئەو ژن و منداڵانەی چوونەتەوە ئەڵمانیا.
 
کۆچ گوتی، "پێویستە لە رێگەی هاوکاریی بەردەوامی نێودەوڵەتییەوە رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش لە عێراق و سووریا بکەین."
 
نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیان لە گرنگیی گەڕاندنەوە و نەهێشتنی کەمپەکان لە رۆژئاوای کوردستان کردەوە.
 
محەممەد عەلی حەسەن، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ستایشی هەوڵە سەرکەوتووەکانی عێراقی کرد بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی و داوای لە هەموو وڵاتان کرد هاووڵاتییانیان لە کەمپی هۆل و کەمپەکانی دیکە بگەڕێننەوە.
 
دیپلۆماتەکە گوتیشی، "سووریا پەناگەی چەکدارە بیانییەکان و خێزانەکانیان نییە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و جێبەجێکردنی ئەرکە مرۆییەکان هەنگاو بنێت."
 
هەروەها گیەر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، باسی لە پێشکەوتنەکانی سووریا کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی یەک ملیۆن پەناخواز و 1.9 ملیۆن ئاوارە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. پیدەرسن داوای لە بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان کرد پابەندییەکانیان جێبەجێ بکەن و جەختی کردەوە کە دەبێ پرۆسەی تێکەڵکردنەوە و ئاسایش لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە سەرپەرشتی بکرێت.
 
لە کۆنفرانسەکەدا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، ئەدمیراڵ براد کوپەر، داوای لە وڵاتان کرد گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانیان خێراتر بکەن و دامەزراندنی "ژووری هاوبەشی گەڕاندنەوە"ی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر راگەیاند بۆ هاوئاهەنگیکردنی پرۆسەی گەڕانەوەکان. کوپەر ستایشی حکومەتی عێراقی کرد بۆ گەڕاندنەوەی 80%ی هاووڵاتییانی لە کەمپی هۆل و جەختی کردەوە کە گەڕاندنەوەی پێشوەختەی چینە لاوازەکان پێویستییەکی مرۆییە و رێکارێکی ستراتیژییە بۆ رێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوەی داعش.
 
کوپەر گوتی، "لە لووتکەی قەرەباڵخیدا لە ساڵی 2019، کەمپەکانی هۆل و رۆژ 70 هەزار کەسیان لەخۆگرتبوو. ئەمڕۆ ژمارەکە بۆ خوار 30 هەزار دابەزیوە، بەڵام مەترسییەکان هێشتا ماون، بەتایبەتی بۆ ژنان و منداڵان کە بە ئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەریی بیری تووندڕۆیی." 
 
کۆنفرانسەکە تیشکی خستە سەر پێویستیی هەبوونی رێبازێکی یەکگرتوو و فرەلایەن کە هاوکاریی مرۆیی، پڕۆگرامی ئاوێتەکردنەوە و رێکاری ئەمنی لەخۆبگرێ. بەشداربووان جەختیان کردەوە کە سەرکەوتنی پرۆسەی داخستنی کەمپەکان و ئاوێتەکردنەوەی ئاوارەکان نەوەک تەنیا عێراق و سووریا سەقامگیر دەکات، بەڵکو ئاسایشی هەرێمی و جیهانیش بەهێزتر دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە شارێکی عێراق. وێنەکە تەنیا بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە

باران نوێژی ملیۆنیی سەدرییەکانی راگرت

بە فەرمانی موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، ئەو نوێژە ملیۆنییەی داوای کردبوو لە پارێزگای بابل بکرێت، بەهۆی باران و سەرماوە دواخرا